کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی وەرشۆ به تەوەری سەرەکیی ڕێژیمی ئێران دەستی بە کار کرد

11:33 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کۆنفڕانسی وەرشۆ، بە مەبەستی ئاشتی و ئەمنییەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەستی بە کارەکانی کرد و تەوەری سەرەکیی ئەو کۆنفڕانسە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێرانه.

کۆنفڕانسی وەرشۆ لەسەر داوای ئامریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە وەرشۆی پێتەختی لەهستان، بە ئامادەبوونی سیاسەتمەدار و کەسایەتییە جیهانییەکان بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڕێوە دەچێت.

لەو کۆنفڕانسەدا، تاوتوێی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چۆنیەتیی سەقامگیریی ئاشتی و دابینکردنی ئاسایش لەو ناوچەیە و شەڕی دژی تیرۆر، دەکرێت.

ئامریکا ڕایگەیاندووە، لەو کۆنفڕانسەدا، هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دژی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی ڕێژیمی تاران بۆ تێکدانی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست دەکرێت.

لەو کۆنفڕانسەدا، کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک: "کێشەی گەلی کوردستان، کێشەی فلستین و ئیسرائیل، شەڕی نێوخۆییی سووریه، شەڕی تائیفیی و تێرۆر لە عێراق، شەڕی حکوومەت و حوسییەکانی یەمەن، شەڕی تاڵبان و حکوومەتی ئەفغانستان و کێشەی دروستکردنی چەکی ناوکی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە باسی لەسەر دەکرێت.

ئامریکا و وڵاتانی ناوچەکە، ڕێژیمی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی یەمەن، بەحرەین، عێراق، سووریە، فلستین و لوبنان تۆمەتبار دەکەن و باس لەوە دەکەن، کە ڕێژیمی ئێران پاڵپشتیی لە گرووپە توندڕەوەکانی ئەو وڵاتانە دەکات.

لەو کۆنفڕانسەدا، ٣٠ وڵات لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەدا تێیدا بەشدار دەبن.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، ئەو کۆنفڕانسەی "دژە ئێران" وەسف دەکەن و هیچ کاربەدەستێکی ئەو ڕێژیمە لەو کۆنفڕانسەدا بەشدار نییە.