کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی ڕاوێژی نەتەوەیی بە بەشداریی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەڕێوە چوو

11:04 - 3 سەرماوەز 2720

کۆنفڕانسی ڕاوێژی نەتەوەیی، لەلایەن یەکیەتیی پارلمانتارانی کوردستان و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەز کۆنفڕانسی ڕاوێژی نەتەوەیی بە بەشداریی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان، لە ڕێگای ئانلاینەوە دەستی بە کارەکانی کرد و ئێوارەی هەمان ڕۆژ کۆتایی بە کۆبوونەوەکەی هێنا.

 لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، "محەممەدساڵح قادری" بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە کۆنفڕانسی ڕاوێژی نەتەوەییدا کرد و ڕوانگە و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەمەڕ کێشە و بارگرژییە نێوخۆییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان گەیاندە بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد: "کاتێک کە هاوکێشەکانی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خەریکی ململانێن و بارودۆخێکی هەستیار لە ناوچەکەدا هەیە، پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک لەو وڵاتانەی کە کورد تێیدا نیشتەجێیە، کۆمەڵێک هەڕەشە یان دەرفەت بێنە ئاراوە. لە وەها دۆخێکدا، تەنیا ڕێگایەک کە دەتوانێت بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان و نەتەوەی کورد لە مەترسییەکان بپارێزێت و لە دەرفەتەکان کەڵک وەرگرێت، یەکرێزی و یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی کوردستانە".

"قادری" لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد: "سەبارەت بەو بارگرژییەی کە ئێستا لەنێوان دوو لایەنی بزووتنەوەی کوردستاندا هاتووە ئاراوە، لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەم دۆخە پاشخانێکی درێژخایەنی هەیە و دەرەنجامی زێهنییەتێکی ناتەندروست بەرانبەر بە یەکترە کە لە دژی یەکتر بەکاری دێنن. بۆیە قامک دانان لەسەر کێشەکان و دەستنیشانکردنی زێهنیەتی لایەنەکان بەرانبەر بە یەکتر، تەنیا کارێکە کە دەتوانێت پێشگیری لە هەر چەشنە دۆخی نه‌خوازراو بکات".

ناوبراو جەختی کردەوە: "لای هەموومان ڕوونە کە دووبەرەکیی نێوخۆیی و شەڕی بەرژەوەندیی حیزبایەتی، وەک ژەهرێکە کە کورد و جووڵانەوەکەی بەرەو لەنێوچوون دەبات. بۆیە هەر لایەنێک دەسپێشخەری ئەم بابەتە بکا،ت لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە ڕە‌ت ده‌كرێته‌وه‌."

"محەممەدساڵح قادری" لە درێژەی قسەکانیدا لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پێداگریی لەسەر ئەمە کرد: "هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌روه‌ها هه‌ستیاریی دۆخه‌كه‌ و تایبه‌تمه‌ندیی به‌شه‌كانی كوردستان له‌به‌رچاو بگرن".

لە دوابڕگەی کاری کۆنفڕانسدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات وێڕای چەندین لایەنی دیکە پێشنیاری کرد کە:

- دەسبەجێ شەڕی میدیایی لایەنەکان لە دژی یەکتر ڕابگیرێت.

- لێژنەیەکی هاوبەش بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیالۆگی نێوان لایەنە ناکۆکەکان پێک بێت.

- سنوورێک بۆ دەستێوەردان لە کاروباری یەکتر دیاری بکرێت و ڕێز لە تایبەتمەندیی بزووتنەوەی هەر کام لە بەشەکان بگیردرێت.