کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کومیتەی "بێستوون" بەڕێوە چوو

16:18 - 1 خەزەڵوەر 2720

کۆنفڕانسی کۆمیتەی "بێستوون" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کۆمیتەی بێستوون لە "دێگەڵە"، سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان، ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بە ئامادەبوونی "حوسێن نازدار" ئەندامی هەئیەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی، "تاهیر مەحموودی" بەرپرسی دەزگای رێکخستنی گشتی، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن، "عەلی سۆرانی" بەرپرسی یەکەی کارگێڕیی دێگەڵە و بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی بێستوون بەڕێوە چوو.

کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دوای وەرگرتنی دەنگی مەشرووعییەتی کۆنفڕانس باسێکی سیاسی لەلایەن "حوسێن نازدار" ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسییەوە پێشکەش کرا.

ناوبراو لە سەرەتای قسەکانیدا ئەرک و ڕەساڵەتی حیزبی دێموکراتی لە بڕگە جیاوازەکانی خەباتی خۆیدا بۆ بەشداران شی کردەوە و ڕایگەیاند، دێموکراسی یەکێک لە پایەکانی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و ئەم حیزبە باوەڕێکی قووڵی بە دەنگی خەڵکی هەیە و لە دواڕۆژی ئازادیی ئیران و کوردستاندا سندووقی دەنگەکانە کە کێشەکان و هاوکێشەکان یەکلا دەکاتەوە.

"حوسێن نازدار" لە درێژەی وتەکانیدا، نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێرانی بە هاوچارەنووسی گەلی کورد زانی و وتیشی کە حیزبی دێموکرات لە چوارچێوەی کونگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵدا هاوکارییان دەکات.

لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە ڕەوایی ڕێژیم لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا چووەتە ژێر پرسیارەوە و بە دیکتاتۆرییەت، ئاژاوەنانەوە و هەناردەکردنی تێرۆر و توندوتیژی، چیتر ناتوانێت درێژە بە تەمەنی نگریسی خۆی بدات.

لە بڕگەی دیکەی کاری کۆنفڕانس، ڕاپۆرتی کۆمیتەی پێشوو بە نوێنەرایەتیی "مورتەزا مورادوەیسی" پێشکەش کرا.

دوای تێبینی و پێشنیاری بەشدارانی کۆنفڕانس، بەرپرس و بەڕێوەبەری نوێی کۆمیتە هەڵبژێردران.