کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کۆمیتەی "باریکە" بەڕێوە چوو

10:25 - 27 رەزبەر 2720

کۆنفڕانسی کۆمیتەی "باریکە" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان، ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کۆمیتەی "باریکە" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان، ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بە ئامادەبوونی "فواد خاکی بەیگی" ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی نووسینگەی کارگێڕی، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکرات، "ئیسماعیل ڕەحمانی" بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە سلێمانی و بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆمیتەی باریکە لە سلێمانی بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆنفڕانس بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دوای وەرگرتنی دەنگی مەشرووعییەت بۆ کۆنفڕانس، "فواد خاکی بەیگی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات باسێکی سیاسیی پێوەندیدار بە ئێران و کوردستانی پێشکەش کرد.  

ناوبراو بە هێنانەوەی چەندین فاکت، ئاوڕی لە دۆخی قەیراناوی و شپرزەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دایەوە و ڕایگەیاند کە دۆخی ئابووریی خەڵک لەوپەڕی خراپی و ناجێگیربووندایە و داهاتی ئەو وڵاتە ١٥ بەرابەر دابەزیوە، توانای هەناردەکردنی نەوتی گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی و خەڵک لەوپەڕی بێ هیواییدا بەسەر دەبەن و سفرەی نانیان ڕۆژبەڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە.

"خاکی بەیگی" لە درێژەی وتەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە ڕاگەیاندنی قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە ڕاسانی خۆرهەڵات ناودێر کراوە، ڕایگەیاند کە لەم دۆخە ئاڵۆز و چارەنووسسازەدا، گرینگە کە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کورد، پتر لە هەر کاتێک بەنیسبەت کۆماری ئیسلامییەوە و داهاتووی ئەم وڵاتەوە، یەکگرتوو، هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن.

بەرپرسی نووسینگەی کارگێڕی هەروەها لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە چارەنووسی ئێمەی کورد گرێدراوە بە چارەنووسی هەموو نەتەوەکانی ئێرانەوە و دەبێ لەو پێناوەدا، وەکوو کورد بە وریایی، یەکگرتووانە و یەکدەنگ هەنگاو هەڵێنین.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەی کاری کۆنفڕانس، "کاکە کەریمی" بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی "باریکە" ڕاپۆرتی کار و چالاکیی کۆمیتەی پێشووی لە ماوەی کاریی ئەو کۆمیتەیەدا پێشکەش کرد.

دوای وڵامدانەوەی پرسیار، ڕەخنە و پێشنیاری ئامادەبووانی کۆنفڕانس، شێواز و مێکانیزمی هەڵبژاردن و دەنگدان لەلایەن بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەوە بۆ ئامادەبووان شی کرایەوە و هەڵبژاردنی بەڕێوەبەریی نوێ و بەرپرسی کۆمیتە هەڵبژێردران.