کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کۆمیتەی "جێژنیکان" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

11:17 - 10 خەزەڵوەر 2720

کۆنفڕانسی کۆمیتەی "جێژنیکان" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کۆمیتەی "جێژنیکان" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان، ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بە ئامادەبوونی "محەممەدساڵح قادری" بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب، "تاهیر مەحموودی" بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتی، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن و بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆمیتەی جێژنیکان بەڕێوە چوو.

کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دوای وەرگرتنی دەنگی ڕەوایەتیی کۆنفڕانس، باسێکی سیاسی لەلایەن "محەممەدساڵح قادری" بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبەوە پێشکەش کرا.

ناوبراو لە سەرەتای قسەکانیدا باسێ لەوە کرد کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەگەری گۆڕانکاریدایە و هاوکێشەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ڕێک دەخرێن و ناکۆکییەکان زیاتر لەو شوێنانەدایە کە کوردستانیان لەسەر دابەش کراوە.

"محەممەدساڵح قادری" لە درێژەی وتەکانیدا باسی لەوە کرد، لە هەموو کێشە و ئاژاوەکاندا جێ پێی کۆماری ئیسلامی دیارە، بەخۆشییەوە لەو وڵاتانەی کە کێشە دەخولقێنن، تێرۆریستەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاردان و چیدی کۆماری ئیسلامی ناتوانێت وەکوو پێویست پارەیان بۆ دابین بکات.

لە بڕگەیەکی دیکەدا "قادری" ئاماژەی بەوەدا کە ڕێژیم بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ژینگەییە و داهاتووی لەرزۆکی خۆی گوشارەکان لەسەر خەڵکی ئێران زیاتر دەکات و پەتای کۆرۆنای کردووە بە بەهانەیەکی مەترسیدار بۆ سەر خەڵک کە لە ماڵەوە بمێننەوە و بەو شێوازە وا هەست دەکات کە دەتوانێت دەنگی ئازادی و ڕای جیاواز کپ یان بێدەنگ بکات، بەڵام خەڵک لەژێر گوشاردان و ئەگەری تەقینەوەی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان و ڕاپەڕین دژی ئەو ڕێژیمە زۆرترە لە جاران.

لە بڕگەی دیکەی کاری کۆنفڕانس، ڕاپۆرتی کۆمیتەی پێشوو لەلایەن "زەکیە سدقی" پێشکەش کرا.

دوای تێبینی و پێشنیاری بەشدارانی کۆنفڕانس و پەسندی ڕاپۆرتی کۆمیتە، شێواز و مێکانیزمی هەڵبژاردن و دەنگدان و هەروەها سیستەمی ئەلیکترۆنی لەلایەن "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەوە بۆ بەشداران شی کرایەوە.

دوایین بڕگەی کاری کۆنفڕانس بریتی بوو لە هەڵبژاردنی بەڕێوەبەریی نوێی کۆمیتە کە لە کەشێکی ئازاد و دێموکراتیکدا بەڕێوە چوو و بەڕێوەبەریی نوێی کۆمیتە هەڵبژێردران.