کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کۆمیتەی "زەڕایەن" بەڕێوە چوو

16:27 - 27 بەفرانبار 2720

ڕۆژی هەینی، ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی کۆنفڕانسی  کۆمیتەی "زەڕایەن" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کودستانی ئێران بەڕێوە چوو.

ئەو کۆنفڕانسە بە ئامادەبوونی "ڕۆستەم جەهانگیری"، بەرپرسی دەزگای چاوەدێری "تاهیر مەحموودی" بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتی، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن "ئیسماعیل ڕەحمانی" بەرپرسی پێوەندییەکانی سلێمانی و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە بەڕێوە چوو.

 کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. دواتر دەنگی مەشرووعیەت بۆ کۆنفڕانس وەرگیرا .

دواتر "ڕۆستەم جەهانگیری"، بەرپرسی دەزگای چاوەدێری حیزبی دێموکرات باسێکی سیاسی لە سەر مێژووی هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی پێشکەش بە بەشداربوونی کۆنفڕانس کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ڕێژیمە هەر بە هاتنە سەرکاری، بە ترس و تۆقاندن، شەڕ، ڕەشەکوژی و ئێعدام لە کوردستان و ئێران دەستی پێکرد و ڕۆڵێکی گەورەی ئاژاوەنانەوە و درووستکرنی ناکۆکی لە ناوچەکەدا گێڕاوە.

"ڕۆستەم جەهانگیری" لە بەشێکی دیکەی قسەکانی خۆیدا ئاماژەی بە هەوڵدانەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ درووستکردنی چەکی ناوکی و خۆ تەیارکردن بە مووشەکە دوورهاوێژەکان کرد کە بەرجام و گەمارۆکانی بۆ سەر ئێران بەدوادا هات و بەداخەوە باجی گران و قورسی تەنیا خەڵکی ئێران دەیدەن و ژیان و گوزەرانیان ڕۆژ بە ڕۆژ سەختتر دەبێت.

"جەهانگیری" لە کۆتایی باسەکەیدا  ئاماژەی بە کوردستان و خەباتی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کرد و یەکگرتوویی نێو ماڵی کوردی و هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی هەموو لایەنە کوردییەکانی بە ڕەمزی سەرکەوتن و خێراتر گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کورد زانی.

دواتر بەرپرسی کۆمیتەی پێشوو "فازڵ میرزایی" ڕاپۆرتی کاری کۆمیتەی پێشکەش کرد. لە کۆتایی ئەو بڕگەیەدا ئەندامانی کۆمیتە دەنگی مەشرووعییەتیان بە ڕاپۆرتی کۆمیتەی پێشوو دا .

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنفڕانسی کۆمیتە "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن باسێکی لەسەر هەڵبژاردن و مکانیزمەکانی هەڵبژاردن لە حیزبی دێموکراتدا کرد و برگەی کۆتایی کۆنفڕانس هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتە و بەرپرسی کۆمیتە بوو.