کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کۆمیتەی هەولێر بەڕێوە چوو

11:10 - 20 رەزبەر 2720

دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کۆمیتەی "هەولێر" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکرات بە دروشمی "بە خۆڕێکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" لە جێژنیکان بەڕێوە چوو.

ئەو کۆنفڕانسە بە ئامادەبوونی "کەریم پەرویزی" ئەندامی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکرات، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن و "محەممەدساڵح قادری" بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات و هەروەها بەشێکی زۆر لە ئەندامانی کۆمیتەی هەولێر بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد و دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرانی دەزگای هەڵبژاردنەوە دەنگی مەشروعییەت بۆ کۆنفڕانسەکە وەرگیرا و دەستوور کاریی کۆنفڕانس بۆ بەشداران خوێندرایەوە. 

دواتر بە مەبەستی کردنەوەی کونفڕانس، داوا لە "کەریم پەرویزی" ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندن کرا کە باسێکی سیاسی پێشکەشی بەشدارانی کۆنفڕانس بکات.

"پەرویزی" لە سەرەتای قسەکانیدا، ئاماژەی بە ڕاگەیاندنی قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموکرات لەژێر ناوی "ڕاسانی ڕۆژهەڵات" کرد و لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هەستیاریی دۆخی ناوچەکە و ئێران کرد کە ئاوسی ئاڵوگۆڕە و هەر کەس هەوڵ دەدات خاوەنی قسە و پێگە بێت، بۆیە ئێمەی کوردیش دەبێ یەکگرتوو بین، بەتایبەتی کە حیسابی زۆر لەسەر حیزبی دێموکرات دەکرێت، چوونکە حیزبێکی کاریگەرە و دەبێ ڕیزەکانمان پتەوتر و تێکۆشان و هەوڵی شوێندانەریمان زیاتر بکەین.   

لە درێژەی ڕەوتی کۆنفڕانسەکەدا، "مەسعوود ڕەسووڵی" بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی "هەولێر" ڕاپۆرتی کار و چالاکیی کۆمیتەی لەو ماوەیەی کاری کۆمیتەدا پێشکەشی بەشدارانی کۆنفڕانس کرد.

دواتر "محەممەدساڵح قادری" بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات بە نوێنەرایەتیی دەزگای ڕێکخستن باسێکی پێوەندیدار بە کار و ئەرک و مافی ئەندامانی ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی پێشکەشی بەشدارانی کۆنفڕانس کرد و ڕوونکردنەوەی پێویستی لەو پێوەندییەدا بە بەشدارانی کۆنفرانس دایەوە.

دوای وڵامدانەوە بە پرسیار و تێبینییەکانی بەشداران و پەسەندی ڕاپۆرتی کۆمیتە، بەشی یەکەمی کۆنفڕانس کۆتایی پێهات.

بەشی دووەمی کاری کۆنفڕانس بریتی بوو لە باسکردنی شێواز و مێکانیزمی هەڵبژاردن بەپێی ئاییننامەی دەزگای هەڵبژاردن کە لەلایەن "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەوە پێشکەشی بەشدارانی کۆنفڕانسەکە کرا.

بڕگەی کۆتایی کاری کۆنفڕانسی کۆمیتەی هەولێر لەژێر ناوی "بە خۆرێکخستنەوەمان، ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" تەرخان کرا بە هەڵبژاردنی بەڕێوەبەری نوێی کۆمیتە و هەڵبژاردنی بەرپرسی کۆمیتە لە دەنگدانێکی ئازاد، دێموکراتیک و نهێنیدا و بەم چەشنە کۆتایی بە کاری کۆنفڕانسی هەولێر هات.