کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کۆمیتەی "چۆمان" بەڕێوە چوو

18:19 - 29 رەزبەر 2720

کۆنفڕانسی کۆمیتەی "چۆمان" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دروشمی "بە خۆ ڕیکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بەڕێوە چوو.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کۆمیتەی "چۆمان" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین، بە ئامادەبوونی "تاهیر مەحموودی" بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتی، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن و بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی کومیتەی چۆمان بەڕێوە چوو.

کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دوای وەرگرتنی دەنگی مەشرووعیەتی کۆنفڕانس، باسێکی سیاسیی لەلایەن "تاهیر مەحموودی"، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی پێشکەش بە بەشدارانی کۆنفڕانس کرا.

ناوبراو لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی دژوار و نالەباری خەڵکی کوردستان و ئێران لە ژێر بەڕێوەبەری و دەسەڵاتداریی ئەو ڕێژیمە گەندەڵ و دیکتاتۆرەدا کرد کە ژیانی لە خەڵکی تاڵ، سفرەیانی بێ نان و ئازادی لە ئەوان زەوت کردووە و بە ملهوڕی و گوشار و ئاژاوەنانەوە درێژە بە دەسەڵاتی هۆڤانەی خۆی دەدات.

"مەحموودی" لە درێژەی قسەکانیدا، ئەرک و ڕۆڵی ئەندامانی حیزبی لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژووی حیزبدا بەرز نرخاند و داوای کرد کە بە هەمان نەفس و ڕۆحیەوە لەم بڕگە هەستیار و مێژووییەی خەباتی حیزبەکەماندا، بە کار و تێکۆشانی زیاترەوە بتوانین لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵکی خۆشەویستی کوردستاندا بین و سەربەرزانە لێی دەربچین.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنفڕانس تەرخان کرا بە ڕاپۆرتی کۆمیتەی پێشوو کە لەلایەن "عەلی گاگەمی" بەرپرسی پێشووی کۆمیتەوە پێشکەش کرا.

دوای تێبینی و پێشنیاری بەشدارانی کۆنفڕانس و پەسندی ڕاپۆرتی کۆمیتە؛ بەرپرس و بەڕێوەبەریی نوێی کۆمیتە هەڵبژێردران.