کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کۆمیتەی ڕانیە بەڕێوە چوو

10:41 - 17 رەزبەر 2720

کونفڕانسی کۆمیتەی "ڕانیە" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان، ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بەڕێوە چوو.

کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کومیتەی ڕانیە سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "بەخۆڕێکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین، بە ئامادەبوونی "ڕووناک فەتحی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن و بەشداریی زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی ڕانیە بەڕێوە چوو.

کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دوای وەرگرتنی دەنگی ڕەوایەتیی کۆنفڕانس لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسەوە، باسێکی سیاسیی پێوەندیدار بە ئێران و کوردستان لەلایەن "فەتحی" ئەندامی ناوەندی سیاسییەوە پێشکەشی بەشدارانی کۆنفڕانس کرا.

ناوبراو لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە قۆناغی نوێی خەباتی گەلەکەمان لەژێر ناوی ڕاسان کرد و نەخشی ڕێکخستنەکانی حیزبی بە گرینگ وەسف کرد. دواتر باسی لە سیاسەتە دوژمنکارانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە حیزبی دێموکرات و گەلی کورد کرد و وتی: "ڕوانگەی ئەمنییەتیی ڕێژیم بەرامبەر بە ئازادیخوازان بەتایبەت لە کوردستان وای کردووە کە زۆرترین جینایەتەکان لە کوردستان ئەنجام بدات".

"فەتحی" لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە و هەستیاربوونی دۆخەکە و بە وردی هەڵسەنگاندنی دۆخەکەی کرد و سیاسەتی حیزبی دێموکراتی لەو پێوەندییەدا شی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێ بەهێزتر و شوێندانەرتر بین.

بڕگەی دیکەی کاری کۆنفڕانس تەرخان کرا بە ڕاپۆرتی کۆمیتەی پێشوو کە لەلایەن "قادر ڕەبەن" بەرپرسی پێشووی کۆمیتەوە پێشکەش کرا.

دوای تێبینی و ڕەخنە و پێشنیاری بەشدارانی کۆنفڕانس و وڵامدانەوەیان لەلایەن "ڕووناک فەتحیـ"ـەوە، هەڵبژاردنی بەڕێوەبەریی نوێی کۆمیتە بەڕێوە چوو و بەرپرس و بەڕێوەبەریی نوێی کۆمیتە دیاری کران.