کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کۆمیتەی "کۆیە" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

17:09 - 10 رەزبەر 2720

کۆنفڕانسی کۆمیتەی "کۆیە" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  لەژێر ناوی" بەخۆڕێکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بەڕێوە چوو.

کاتژمێر٤ی ئێوارەی ڕۆژی چوارشممە، ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کۆمیتەی کۆیە سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  لەژێر ناوی" بەخۆڕێکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بە ئامادەبوونی د. "ئاوات ساروج"، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات و "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن و هەروەها "ئەسعەد باریکە"، بەرپرسی ڕێکخستنی ئاشکرای هەرێم لە کۆیە، بەڕێوە چوو.

کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

 پاشان دەنگی مەشرووعییەتی کۆنفڕانس لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسەوە وەرگیرا کە هەموو ئامادەبووانی کۆنفڕانس دەنگی مەشرووعییان بە کۆنفڕانس دا.

دواتر بە مەبەستی کردنەوەی کۆنفڕانس داوا لە د. "ئاوات ساروج" ، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا کە باسێکی سیاسی پێشکەش بکات.

ناوبراو لە سەرەتای وتەکانیدا ئاماژەی بە ئەرک و ڕۆڵی ئەندامانی حیزبی دا کە پێویستە لەم قۆناغە هەستیارەدا چۆن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، بەتایبەتی لە حیزبێکی شۆڕشگێر، نەتەوەیی و دێموکراتدا کە لە پتر لە ٧٥ ساڵ خەباتی بێوچان و پڕ لە کەندوکۆسپدا دریژەی بە تێکۆشانی خۆی داوە.

د. "ئاوات" هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە مێژووی خەباتی حیزبی دێموکرات کرد کە هەموو کات سەروەری و سەربەخۆیی سیاسیی خۆی پاراستووە و لە گۆڕەپانی سیاسیی خۆرهەڵات و ناوچەدا حیزبیکی خاوەن پێگە و شوێندانەر بووە و ئازادی و دێموکراسی و سەروەریی تاک لە کۆمەڵگا ئاوات و ئامانجیەتی.

لە بەشێکی دیکەی کاری کۆنفڕانسدا، "زاهید ڕاشدی" بەرپرسی کۆمیتەی کۆیە ڕاپۆرتی کار و چالاکیی کۆمیتەی لە ماوەی کاری ئەو کۆمیتەیەدا پێشکەشی بەشدارانی کۆنفڕانس کرد.

بڕگەی دیکەی کۆنفڕانس تەرخان کرابوو بە ڕەخنە و پێشنیار کە ئامادەبووانی کۆنفڕانس چالاکانە بەشدار بوون.

دوایین بڕگەی کاری کۆنفڕانس تەرخان کرا بە هەڵبژاردنی بەرپرس و بەڕێوەبەریی نوێی کۆمیتە کە لە کەشێکی ئازاد و دێموکراتیکدا بەڕێوە چوو.