کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی کۆمیتەی "کەلار" بەڕێوە چوو

12:43 - 26 رەزبەر 2720

کۆنفڕانسی کۆمیتەی "کەلار" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان، ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کۆمیتەی "کەلار" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی"بە خۆ ڕێکخستنەوەمان، ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین"، بە ئامادەبوونی "خالید دەرویژە" ئەندامی دەستەی کارگێڕی، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکرات و بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە کۆمیتەی "کەلار" بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دوای وەرگرتنی دەنگی مەشرووعییەت بۆ کۆنفڕانس، "خالید دەرویژە" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێشکەشکردنی باسێکی سیاسی، کۆنفڕانسەکەی دەست پێکرد.

ناوبراو لە سەرەتای باسەکەیدا نەبوونی عەقڵییەتی مۆدێڕن لەلایەن بەڕێوەبەرانی دوای شۆڕش و خێرایی گۆڕانکارییەکانی لە دوو چەمکی فەندەمێنتالیزمی ئایینی و شۆڤێنیزمی نەتەوەییدا پێناسە کرد.

"دەرویژە" باسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێت بە ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ، درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئەو ڕێژیمە، شۆڤێنیزمی ئیسلامییە کە پەرە بە توندئاژۆیی و ئاژاوەنانەوە لە وڵاتانی ناوچە دەدات.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە ٩٥ لەسەدی خەڵک باوەڕیان بە دەسەڵات و عەقڵییەتی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵام لەلایەن توندئاژۆکانەوە دەدرێنە بەر توندترین شێوازی ئازاری ڕۆحی و جەستەیی و ئابووری. بۆیە ئێستا خەڵک لە گوشاردان، هەموو ناڕازین، کۆماری ئیسلامیش لەژێر گەمارۆ و گوشارێکی توندی نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیدایە و ئێمە دەبێ ئامادەی هەر ئاڵوگۆڕێک و گۆڕانکارییەک بین.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەی کاریی کۆنفڕانس، "ساڵحان پاڵانی" بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی پێشووی کەلار، ئاماژەیەکی بە ڕاپۆرتی کار و چالاکیی کۆمیتەی کەلار لە ماوەی کاریی ئەو کۆمیتەیەدا کرد.

دوای وڵامدانەوەی پرسیار، ڕەخنە و پێشنیاری ئامادەبووانی کۆنفڕانس، بەرپرسانی نوێی کۆمیتە هەڵبژێردران.