کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیرەوەریی شەڕێکی قارەمانانەی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

16:55 - 21 سەرماوەز 2719

جەماڵ عەبدوڵڵازادە

کۆتایی وەرزی بەھاری ٦٩ی ھەتاوی،  لە ناوچەی سندووس سەر بە شارستانی نەغەدە،  تیمێک لە کادرەکانی کۆمیتە شارستانی نەغەدە خەریکی كاری تەشکیلاتی- سیاسی بووین. ھاوڕێ ئەبوو ڕەحیمی کە بە ئەبوو چەقەڵ مستەفا بەناوبانگ بوو، خەڵکی ئەو گوندە جوان و بەناوبانگەی بوو. (گوندی چەقەڵ مستەفا سەر بە شارستانی نەغەدەیە، ئەو گوندە دوو جار  لەلایەن سپای پاسدارانەوە ھێرشی کرایە سەر و لە ساڵەکانی ١٣٥٩ چوار کەسی بێتاوان کە لە ناویاندا ژنێکیشی تێدا بوو شەھید بوون و لە ساڵی ١٣٦١ی ھەتاویش جارێکی دیکە لەگەڵ گوندەکانی گۆرخانە و خەلیفەلیان کە لە نزیک ئەو گوندە ھەڵکەوتووە لەلایەن شەمشەمەکوێرەکانی خەڵخالی و حەسەنی و جەلادەکانیک ۆماری پەت و سێدارە کەوتە بەر پەلامار و نزیک بە ٢٠ کەس لە خەڵکی بێتاوان شەھید کران. ناوی ئەو گوندە لە شۆڕشی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی كوردستاندا وەک گوندێکی قەلاچۆکراو و خوێناوی و سته‌ملێكراو ناسراوه ‌و وەک به‌ڵگه‌یەک لە سته‌م و جینایەتی كۆماری ئیسلامییه‌ دژی کورد لە كوردستانی ئێران). هاورێ ئه‌بوو تووشی نەخۆشیی پشت ئێشه‌ ببوو، پشت ئێشە تاقەتی لێ بڕیبوو، ئێمەش وەک ھاوڕێ و ھاوسەنگەر زۆر بۆی بە پەرۆش بووین، بە ناچار کۆمیتە ساغ ببوه‌وه‌ کە به‌ ھاوکاریی ئەندامێکی حیزب بنێردرێتە شاری سابڵاغ لای دوکتور بۆ چارەسەریی پزیشکی، ڕۆژی ناردنی بۆ لای دوکتور هات و چوینە گوندی خەلیفەلیان و لەگەڵ ھاوڕێی حیزبی قسە کرا و ئامۆژگاری پێویستی درایە و ھەروەھا لەگەڵ ھاوڕێ ئەبوو قسەمان کرد کە شەوی دیاریکراو لە گوندی چەقەل مستەفا یەک دەگرینەوە و ماڵئاواییمان لە یەکتر کرد و ئیمە بۆ درێژەی کاروباری حیزبی شوێنەکەمان بەجێ ھێشت.

ئەو ڕۆژەی کە ھاوڕێ ئەبوو دەبا لە شار چاوی بە دوکتور کەوتبا ئێمە زۆر نیگران بووین کە نەکا گیر و گرفتێک بێتە پێش و گیانی لە مه‌ترسی بکەوێت. بە ھەر حال ڕۆژمان تێپەر کرد و شەوی یەکگرتنەوە گەیشت، زۆر بە نیگرانی و پەرۆشه‌وه‌ چووین بۆ شوێنی یەکگرتنەوە كه‌ دیاریمان كردبوو، ئەو شوێنە کە دەبا یەکمان گرتباوە ماڵی یەکێک لە خزمەکانی ھاوڕێ ئەبوو بوو. کاتژمێر نزیک ٢ی سه‌رله‌بەیانی بوو کە خانمی ماڵ درگای لێ كردینه‌وه‌، یەکسەر ھەواڵی ئەبووی پرسی و وتی کوا ئەبوو؟ لە خۆی دا و دەستی کرد بە گریان، به‌م شێوه‌یه‌ ئێمەی زۆر نیگران کرد و پرسیمان بۆ دەگرێیت، چ بووە، وتی ئێوە دەزانن و بە من ناڵێن و حەتمەن ئەبوو شەھید بووە! وتمان یانێ چی، باسی چ دەکەی؟ وتی دۆینێ پاش نیوەڕۆ لە گوندی خەلیفەلیان کە نزیک چەقەل مستەفا بوو، کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ، بۆ ماوەی ٢ تا ٣ کاتژمێر تەقە بووه، خۆتان ده‌زانن كه‌ ئەبوو لەو گوندە بووه‌، كه‌وایه‌ شەھید بووه‌!

ئیمە بە بیستنی ئەم ھەواڵه‌ زۆر دڵنیگران بووین، چوونکە دەمانزانی ئەبوو لە خەلیفەلیان بووه‌، ئەگەر تێكهه‌ڵچوون بوبێت و دەرگیریەکە ٣ کاتژمێری خایاندبێت، كه‌واته‌ حەتمەن ئەبوو شەھید بووە، زۆر بە ناڕەحەتی و دڵنیگرانی ئەو شوێنەمان بەجێ ھێشت، چووینە گوندێكی دیكهی نزیك چەقەل مستەفا و چوینە ماڵی بنەماڵەیەکی شەھیدی حیزب، بۆ مانەوە دایکە شەھیدی دێموکرات کە زۆر ئێمەی خۆش دەویست، زۆرخۆشحاڵ بوو بە دیتنی ئێمە، بەو نیوەشەوە ھەستا کە خواردنمان بۆ بێنێت، به‌ڵام ئێمە کە زۆر نیگه‌ران و ناڕەحت بووین سپاسی دایە پیرەمان کرد و وتمان ماندووین و دەبێ بنووین، بەرپرسی کۆمیتە کاک سمکۆ  ئیسماعیلزاده‌، پیاوی خاوه‌ن ماڵ، کە باوکی شەھیدی دێموکرات بوو بانگی کرد و داوای لێكرد بەیانی سەردانی گوندی خەلیفەلیان بکا کە دەرگیریەکە له‌وێ ڕوویدابوو، پێی وت بچێتە مزگەوت کە خەڵک لەوێ کۆ دەبوونەوە، پێی وت كه‌ خۆی باسی هیچ نه‌كات و ته‌نیا گوێ هه‌ڵخا، چونكه خه‌ڵكه‌كه‌ بۆ خۆیان ڕووداوەکە دەگێڕنەوە بزانێ چ بووە ئەبوو شەھید بووه‌، گیراوه‌، چ بووە، ھەوالێک بزانێ. دوایە بۆ خۆشی یەکسەر نەیەتەوە کەسێکی باوەڕپێکراو ئاگادار بکا و هه‌واڵكه‌ بۆ خێزانی بنێرێ، ئێمە کە زۆر ماندوو ببووین، بەرە بەری بەیانی نووستبووین، لای نیوەڕۆ دایە پیرە ھات و ھەرای کردین وتی ھەستن ھەواڵێکی خۆشم پێیە بۆتان، ئێمە کە تاسابووین، چاومان تێ بڕیبوو وتی مزگێنیم دەنێ ئەبوو ٤ پاسداری كوشتووە و بۆ خۆشی نەجاتی بووە! ئەوجار بە ڕاست شۆک بووین شتێکی وا تەنیا لە خه‌یاڵات و فیلمدا دەگونجێ، چۆن دەکرێ کەسێکی نەخۆش  کە بە دەیان ماشینی پڕ لە پاسدار و بە تفەنگ  و چەکی پۆشتە و پەرداخ گەمارۆت بدا، دیسان نەجاتی بووبێ و توانیبێ دوژمن شکست بدا؟ ھەوالێکی زۆر خۆش بوو بەڵام باوەڕکردنی زۆر سەخت بوو، نەماندەزانی چ بکەین، ده‌مانوت بڵێی ڕاست بێ!

لای ئیوارێ خۆمان ئامادە کرد ھەتا بگەڕێینەوە بۆ نزیک شوێنی ڕووداوەکە، ھەتا ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکەمان بۆ دەرکەوێ و بتوانین لەگەڵ ھاوڕێكه‌مان یه‌ك بگرینەوە.

وردە وردە لە شوێنی پێشتر دیاریکراومان نزیک دەبووینەوە، دیاره بۆ پاراستن و كار قایمی‌ سێھەم جێگاشمان بۆ یەکگرتنەوەمان دیاریكردبوو، تاكوو  ئەگەر ڕووداوێکی لەو چەشنە ڕووی دابا، ھەتا شانسی دووبارە یەکتر دیتنەوەمان ببوایه‌. لە شوێنەکە نزیک بووینەوە کە لە نیزیک  ئاوایی چەقەل مستەفا بوو، تووشی شوانێک بووین کە ئەبووی دەناسی، پرسیارمان لێكرد و ئەویش ھەر ھەمان ھەواڵی بۆ با سکردین و وتی ئەبوو لە فڵان شوێنە و چاوەڕوانی ئێوەیە، ئێمەش بە وریاییه‌وه‌ چووینە پێشێ و دیتمانەوە. بەڵێ ڕاست بوو، ئەبوو ساغ و سڵامەت بوو.

چۆنێتیی ڕووداوەکەی بەم شێوەیە گێڕایەوە:

ئەبوو کە لە شار دەگڕێتەوە بۆ خەلیفالیان دەمی  ئیوارێ دەبێ ئەو  ھاوڕێیەی کە یارمەتیی کردبوو بەجێ دەھێڵێ و ھەر لە خەلیفەلیان دەچێتە ماڵێکی ناسیاوی بۆ ئەوەی کە ڕۆژێک لەوێ بمێنێتەوە ھەتا شەوی یەکگرتنەوەی لەگەڵ ئێمە، لە بەر ئەوەی کە پشتی دێشا نەیدەتوانی ڕەخت و تفنگ ببەستێ و ڕەخت و تفەنگەکەی لەنێو تەلیسێک دەنێ و بە دەستیه‌وه‌ دەگرێ و دەچێتە ئەو شوێنەی کە دەیھەوێ بمێنێتەوە، لە كاتی ڕۆشتنە ژوور بۆ ماڵەکە کەسێک (ناوی پارێزراوە) دەیبینێ و  دەیناسێ، ئەو کەسە مۆرەی ڕێژیم  بوو، پێوەندیی ھەبوو لەگەڵ کەسێک بە ناوی مەجید ڕەحیمی، فەرماندە گوردانی محەممەدیار، ئەو ماڵەی ئەبوو لێی دەمێنێتەوە ماڵی خزمی ئەو کەسە دەبێ کە سیخوڕ بوو،  ئێمەش لێی به‌گومان بووین کە  گومانمان هه‌بوو كاری سیخوڕی بکا بەڵام دڵنیا نەبووین. بەیانی زوو ھەڵدەستێ دەچێتە گوردانی محەممەدیار و ڕاپۆرتی لێدەدا و دەڵێ ئەبوو نەخۆشە و لە فڵان ماڵ ماوه‌تەوە، چه‌كیشی پێ نییە (نازانێ کە ڕەخت و تفنگەکەی لە ناو تەلیسکه‌ ناوه‌)، دەڵێ كه‌ جه‌ماڵ ‌و کەماڵی ھاوڕێی ڕەنگە لە دوو ماڵی دیكه‌ خۆیان شاردبێته‌وه‌ (ئیمە زۆرتر پێکەوە دەبووین و یەک تیم بووین)، فەرماندە گوردانی محەممەدیارھەر ئەودەم بە کابرای سیخوڕ دەڵێ برۆ میوەی بۆ بکڕە وەرەوە ئێرە پێت دەڵێم چ بکەی، بۆ خۆشیان دەست ده‌كه‌ن به‌ ئاماده‌كاری و ١١ ماشین پڕ لە پاسدار و بەسیجی کۆ ده‌كه‌نه‌وه‌.  کابرای سیخوڕ دەگەڕێتەوە لای گوردان و كاڵه‌ك ده‌كڕێ و ده‌یانداتێ، له‌وێ دەرمانی خەوھێنەرله‌ كاڵه‌كه‌کە ده‌كه‌ن و میوه‌كه‌ دەدەن بە سیخوڕكه‌ بیهێنه‌ته‌وه‌ تاكوو ئەبوو بیخوات و خەوی لێ بکەوێ. لەو ماوەیەدا ئەبوو کە لە ماڵی خزمی ئەو کوڕە دەبێ، ماڵەکە کوڕێکیان دەبێ سەرباز پاسدار دەبێ،  دێتەوه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و برایەک ئەو کوڕە کە میوانداری ئەبوو بوو بە ئەبوو دەڵێ من باوەڕم بە براکەم نییە با بچینە ماڵی مامم بمێنینەوە با نەتبینێ، ماڵی مامی ھەر ھەمان ماڵی ئەو کەسەیە کە ڕاپۆرتی لێ داوە و دیوار بە دیوارن. ھەر چۆنێک دەبێ شوێنی مانەوەی بەجێ دێڵێ و دەچێتە ماڵی مامی یان ھەمان کابرای سیخوڕ، کوڕە کە دەگڕێتەوە ماڵێ یەک جێ ئەبوو دەبینێ پێی سەیر دەبێ لە ماڵی وانە چوونکە شەوی پێشتر دیتبووی چووەتە ماڵی خزمی، سڵاو دەکا و دەڵێ چۆنی کاک ئەبوو، وەرە میوەم بۆ ھێناوی. (ئەبوو دەڵێ ھەر ئەو کات لێی مشکووک بووم و ئەو پرسیارە بۆم ھاتە پێش باشە خۆ نەیدەزانی لێرەم  ئەدی چۆنە میوەی بۆ کڕیوم؟!) و کاڵەکەکەی بۆ ئامادە دەکەن و بە جێی دێڵن ھەر لەو کاتانەدا دەبێ پاسدار و بەسیجییەکان دەڕژێنە ناو گوند و دەورەی ئاوایی و ئەو ٣ ماڵەی ڕاپۆرتیان لێ درابوو دەدەن، به‌ڵام کەس نابیننەوە، کوڕەکە ڕاپۆرتەکەی دابوو کاڵەکەکە دادەنێ و دێتە دەر لە ماڵێ و وردە وردە ھەموویان وەک دایک و خێزانی کابرا ماڵ چۆڵ دەکەن، سیخوڕەکە دەچێتە دەر لە ماڵەوە، لە ناو کوچە تووشی مەجید ڕەحیمی فەرماندە گوردانەکە ڕاپۆرتەکەی پێدابوو دەبێ. مەجید بە توڕەیی لێی دەپرسێ باشە ئەو ڕاپۆرتەی تۆ داوتە ماڵەکان  گەڕاین بەڵام کەسی تێدا نەبووە ئەدی لە کوێن، سیخوڕەکە دەڵێ لەو ماوەیەدا کە من ڕاپۆرتەکەم بۆ ھێناون ئەبوو شوێنی مانەوەی گوێزتۆتەوە چووەتە ماڵی ئێمە و کاڵەکەکەم بۆ داناوە. خەریکی خواردنی کاڵەک بوو کە جێم ھێشت ئیستا بە تەنیا لەوێیە. پاسدارەکان ڕێ دەکەون بەرەو شوێنی مانەوەی ئەبوو.

ئەبوو  لەگەڵ خانەخوێی پێشووی لە ماڵەکەدا دەمێننەوە، ھێشتا پاسدارەکان نەگەیشتوونەتە ئەوێ، دێن کاڵەکەکە بخۆن ئەبووش زۆر نەوسن بوو، میوە و خۆراکی چاک دەخوارد. یەک و دووی لێ نەدەکرد خانەخوێکەی پێشووی کە لە لای دەبێ، دەڵێ ئەبوو مەخۆ پێم وایە بۆنی لێدێ، ڕەنگە خراپ بووبێ. ئەبوو دەیوت وەک وەی توند دەستم بگرن دەستم کێشاوە، پاشان ئەو کەسەش ئەبوو  جێ دەھێڵێ کەس لە ماڵدا نەما، ئەبوو وتی گومان ھەڵی گرتم ھەستام بە زۆر ڕەخت و تفنگەکەم بەست چوومە پێش خانه‌كه‌ و ھەر ئەوەندە دیتم وەک گاران پاسدار ھاتنە ناو حەسار، فەرماندەکەیان تفنگی لە دەستدا بوو  و ھاواری دەکرد ئەبوو فڵان فڵان کراو، باشترە تەسلیم بی، ١١ ماشینم پاسدار بۆ ھێناوی، تەسلیم ببە، خۆت بۆ کێ بە كوشت دەدەی؟! . ئەبوو وتی له‌ دڵی خۆمدا وتم تازە من شەھید دەبم، با ئەو جینایەتکارە بە سەزا بگەیەنم دوایەش با شەھید بم قه‌یدی نییه‌، وتی ھەر لێم نزیک دەبووەوە، زۆر بێ ترس دەھاتە پێش!  پێش دەرگای پێشخانەکە ٤ پلیکانی ھەبوو، ھەر کە پێی لە پلیکانی یه‌ك دانا بە دەیان پاسداری دی لە پشتەوەی لە حەسار وەرببون،  من دەرگای پێشخانم بە لوولەی تفەنگ کردەوە و لوولەی تفنگم لەسەر سینگی ڕاگرت، بە دیتنی من ڕه‌نگی سپی سپی ھەڵگەڕا، دیار بوو چاوەڕوانی شتی وا نەبوو ھەر چەند گوللـەم له‌ خشابیدا هه‌بوو كردمه‌ سینگه‌وه‌ و ئەندامی شەلالی خوێن بوو، كه‌لاكی كه‌وت، منیش لەو کاته‌دا بە بوونی ئەو ھەموو پاسدارە لە چەند هه‌نگاوی خۆم ھەر چاوەڕوانی ئه‌وه‌ بووم گوللـەیەک سینگم بپێكێ، کاکە دیتم  زۆر بێ ورەترن لەوەن دەست بکەنەوە! ھەر پاسدار بوو كه‌ پاڵیان پێکه‌وە دەنا تا لە دەرگا چوکەکەی ماڵ دەرباز بن، بە خێرایی خەشابم گۆڕی و دەستڕێژێکی ترم کرد و  ئەوان ھەر هەوڵی ئەوەیان دەدا گیانی خۆیان ڕزگار بکەن، منیش لەو فورسەتە کەڵکم وەرگرت و بە خێرایی خۆم گەیاندە دیواری حه‌وشه‌ی ماڵەکە و خۆم لە دیوار خستە ئەودیو، چه‌ند هه‌نگاو نەڕۆشتبووم دیم چەند ژن لە سەری كۆڵان قورعان به‌ ده‌ست ڕاوەستاون ھەر کە منیان دیت پرسیان کرد كوا هاوڕێكانت، ئەوان لە کوێن سڵامه‌تن؟

منیش وتم بەڵێ، به‌ڵام  ئەمن به‌ تەنیام، زوو منیان لە شوێنی شه‌ڕه‌كه‌ دوور خسته‌وه‌ و شاردمیانه‌وه‌، ئەوە لە شوێنی دەرگیریه‌كه‌ش ھەروا تەقەیه‌، پاش ماوەیەکی کورت پاسدار بە گوندەکە  وەر بوونەوە و خاڵ به‌ خاڵ ده‌گه‌ڕان  کە من ببیننەوە  کە بۆیان نەدیتراوە جاری وابوو دەھاتنە یه‌ك هه‌نگاوی من، به‌ڵام نەیاندیتمەوە و لای ئێوارێ خانمەکان كه‌ منیان حەشار دابوو نەفەرێکیان ھێناو ڕێگای دەربازبوونی بۆ بەتاقی کردمەوە و پاشان دەرباز بووم.

ئەو شەڕە قارەمانانەیەی شەھید ئەبوو لە چەقەل مستەفا به‌ ته‌نیا كردی، تاكوو ئێستاش وێردی سه‌ر زمانی خه‌ڵكی ناوچه‌یه‌ و ئاماژه‌ی قاره‌مانی و بوێریی ڕۆڵه‌ی دێموكراته‌.

سه‌د حه‌یف و مخابن كه‌  ئه‌و قاره‌مانه‌ به‌هۆی خه‌یانه‌تی خۆفرۆش و جاش سفەتێک لە پیلانێكی ناجوانمێرانەدا لە شاری ھەولێر لەگەڵ پێشمەرگەیەکی قارەمانی دیكه‌ بە ناوی عوسمان ڕۆیان لە ڕێکەوتی ١٣٧٤/٧/٩ بە دەستی خۆفرۆشان تێرۆر كران و چوونە نێو‌ كاروانی هه‌رگیز نه‌مرانی شەھیدانی  كوردستانه‌وه‌.

یادی ئەبووی  قاره‌مان و گشت شه‌هیدانی كوردستان بۆ هه‌میشه‌ له‌ دڵماندا زینودوه‌.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.