کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسێک لەبارەی دۆخی نەتەوەکانی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپا بەڕێوە چوو

16:59 - 21 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: کۆنفڕانسێکی تایبەت بە بەشداریی نوێنەرانی نەتەوەکانی ئێران، چالاکانی مافی مرۆڤ و نوێنەرانی یەکیەتیی ئورووپا لەبارەی دۆخی نەتەوەکانی ئێران، لە ناوندی یەکیەتیی ئورووپا لە بروکسێل بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢١ی سەرماوەز، کۆنفڕانسێکی تایبەت بە بەشداریی نوێنەرانی نەتەوەکانی ئێران، چالاکانی مافی مرۆڤ و نوێنەرانی یەکیەتیی ئورووپا لەبارەی دۆخی نەتەوەکانی ئێران، لە ناوندی یەکیەتیی ئورووپا لە بروکسێل، پێتەختی وڵاتی بێلژیک، بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای ئەم کۆنفڕانسە، ''تەیموور ئەلیاسی''، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژێنێڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ''فرێدریک ڕیس'' بەرپرسی فراکسیۆنی ''ڕینیوو ئورووپا''، چەند وتەیەکیان لەبارەی دوخی نەتەوەکانی ئێران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا پێشکەش کرد.

پاشان ''شیرین عیبادی''، چالاکی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نوبێل لەم کۆنفڕانسە و لەنێو قسەکانیدا لەبارەی بێدەنگیی ئورووپا سەبارەت بە سەرکوتی خەڵکی ئێران ناڕەزایەتیی دەربڕی.

'عیبادی'' بە ڕەخنەگرتن لە بازرگانیکردنی ئورووپا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، هاوکات لەگەڵ سەرکوتی خەڵک لە ئیراندا، وتی، دەبێ یەکیەتیی ئورووپا پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە کۆتاییهێنانی سەرکوتەکان و ئازادیی زیندانییە سیاسییەکان ببستێتەوە و داوای لە ئورووپا کردووە کە پشتیوانی خەڵکی ئێران بێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانی خۆیدا باسی لەوە کرد کە نەتەوەکانی ئێران و ئیتنیکەکان ''تەجزیە تەڵەب'' نین و "تەجزیە تەڵەبی" پاساوێکە بۆ سەرکوتی نەتەوەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە.

''شیرین عیبادی'' لە قسەکانی خۆیدا جەختی کردەوە کە ئورووپا ٢٠ ساڵە لەپاڵ ڕێژیمی ئێراندا ڕاوەستاوە و نێردراوانی ئورووپایی دەبێ سەبارەت بە دژایەتی لەگەڵ خۆپیشاندانەکان بانگهێشت بکرێن.

ناوبراو لەم کۆنفڕانسەدا ڕاگەیاند، هەناردەکردنی ئینقلاب، ٤٠ ساڵە بووەتە هۆکاری بارهێنانی هەژاری لە ئێراندا و ئێمە مافی مرۆڤ و دێموکراسیمان دەوێت.

لە بەشیکی دیکەی ئەم کۆنفڕانسەدا، ''مستەفا هیجری''، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی کوردستانی ئێران قسەی کرد.

 لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەوە کرد: "کوردستان بەهۆی پێشینەی ئازادیخوازی و ئاستی بەرزی وشیاریی نەتەوەیی، هەر لە دەستپێکی سازبوونی و بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە، بووەتە مەیدانی بەرگری کە لە یادەوەریی مێژووە پرشنگدارەکەی بە سەنگەری ئازادی دەناسرێتەوە".

''هیجری'' ڕایگەیاند: "ئەگەرچی ستەمی نەتەوەیی لە هەموو نەتەوە بندەستەکان دەکرێت، بەڵام لە کوردستان ئەم ستەمە چەندقات زیاترە. لە چوارچێوەی ستەمی نەتەوەییەدا، ناوچەی نەتەوە غەیرە فارسەکان، سیمای جوغرافیای سەرکوت و داگیرکراوی بە خۆوە گرتووە".

مەبەست لە ستەمی نەتەوەیی کۆی ئەو بارودۆخەیە کە بە پێوەرە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکان و بە بەراورد لەگەڵ ناوەند، ناوچەی نەتەوە غەیرەفارسەکان ستەمیان لێ دەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە. تایبەتمەندیی ناوەندگەرایی و دەوری یەکلاکەرەوەی ئیدیۆلۆژی ناسیۆناڵیزمی ئێرانی، وای کردووە کە ناسنامەی ناوەند دژ بە ناسنامەی ئەوانی تر بێت. لەم سۆنگەوە هەر بڕیار یان پرۆسەیەک کە لە ناوەندەوە بەرەوڕووی بوون و مانەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە بووەتەوە، ڕاستەوخۆ ناسنامە و ئاسایشی ئەوانی کردووەتە نیشانە.

''مستەفا هیجری'' لە قسەکانیدا ئەوەی خستە ڕوو کە ستەمی نەتەوەیی لە ئێران لەسەر دوو جومگە خۆی ڕاگیر کردووە، یەکەمیان پێکهاتەی حکومەت و یاسا و دەسەڵاتەکەیەتی. دووهەمیان بەناو ئۆپۆزسیۆن، ڕۆشنبیر، ئاکادیمسییەن و تیۆرسییەنەکانی چەمکی ئێرانشار و شۆڤێنیزمی ئێرانییە کە گوتار و دەق بەرهەم دەهێنن و دەرخواردی دسەڵاتی ستەمکاری دەدەن تا پاساوێک بۆ زیاتر لە سەد ساڵ چەوساندنەوە ساز بکەن. تەنانەت بەشێک لە بەناو ئۆپۆزسیۆن زیاتر لەوەی کە کەڵکەڵەی ڕووخاندنی ڕێژیمی سیاسی ئێستایان هەبێت، نیگەرانی بێ جێی دواڕۆژی خاکی ئێرانن و ترسێکی شاراوە کە لە توێی نووسین، هەڵوێست و بۆچوونەکانیاندا بە ئاشکرا دەردەکەوێت.

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوە کرد: "ڕابردوو سەلماندوویەتی هەر سیستمێکی سیاسی کە لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا لە بەر یەک هەڵدەوەشێتەوە و هەر وڵاتێک لەم چەشنە کە پارچە پارچە دەبێت، ئەنجامی کۆکردنەوەی لەڕادەبەدەری دەسەڵاتە لە ناوەند و هەڵاواردن و ئینکارکردنی  ئەوانی ترە، کە دواجار دەبێتە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایی و ڕقی پەنگخواردوو و ڕادیکاڵیزمی شۆڕشگێڕانەی ستەملێکراوەکان. کورد و ئەوانی تری دەوڵەتی ئێران بە دوای سەروەری و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانن بە هەر شێوەیەک کە بۆیان بگونجێت".

لە درێژەی ئەم کۆنفڕانسەدا، بەرپرسی ڕێکخراوی فەرانسەویی ''بەرەنگاری دژی سزای ئێعدام'' و نوێنەرانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لەبارەی پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی ئێران قسەیان کرد.

ئەم کۆنفڕانسە بە هاوکاریی فراکسیۆنی ''ڕینیوو ئورووپا'' و ''کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژێنێڤ" بەڕێوە چوو.