کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی IUSY دووهەم ڕۆژی کارەکانی خۆی بەڕێوە برد

21:14 - 8 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: کۆنگرەی لاوانی سوسیال دێموکراتی جیهان، دووهەم ڕۆژی کاری خۆی لە وڵاتی ئاڵبانی بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەتای بەرنامەی کاری ڕۆژی دووهەمی کۆنگرەی لاوانی سوسیال دێموکراتی جیهان، بە خستەبەرباسی دەستووری کارەکانی دەستی پێکرد و دواتر هەرکام لە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی قسەکانی خۆیان کرد .

لە بڕگەیەکی دیکەی باسەکاندا، سەرۆک وەزیرانی ئاڵبانی وتارێکی پێشکەش کرد.

پاشان هەرکام لە کۆمیتەکانی ناوچە جیاجیاکانی جیهان ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش کرد.

بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنگرە، پێشکەش‏کردنی ڕاپۆرتی کار و چالاکیی ٢ ساڵی ڕابردووی یوسی و ڕاپۆرتی ماڵی بە کۆنگرە بوو.

پاش ئەم باس و ڕاپۆرتانەی پێشکەش کران، کارتی دەنگدان بەسەر ئەندامانی فەرمیی بەشداربووی کۆنگرە - هەر ڕێکخراوێک مافی دوو دەنگی هەبوو - دابەشکرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری ڕۆژی دووهەمی کۆنگرەدا، داخوازی ئەو ڕێکخراوانەی لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا داوای ئەندامەتییان لە ڕێکخراوی IUSY کردبوو، خرانە بەرباس و دواتریش دەنگدانەوە.

دوا بڕگەی کاری ڕۆژی دووهەمی کۆنگرە، دانانی ڤۆرک‏شۆپێک بوو بۆ بەشدارانی هەرکام لە کۆمیتە کارییەکانی یوسی.

لە پەراوێزی کاری ڕۆژی دووهەمی کۆنگرەدا، نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ چەندین لایەنی دیکەی بەشداربووی کۆنگرە وەک ڕێکخراوی لاوانی کرواسی و مەجارستان و مالێزی و ئاڵمانییەکان، دیداریان پێکهێنا.