کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ئامریکا بەنیسبەت کوشتاری خەزەڵوەری ٩٨، بڕیارنامەیەکی دژی ڕێژیمی ئێران دەر کرد

12:08 - 27 خەزەڵوەر 2721

مەجلیسی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە دووەمین ساڵڕۆژی سەرکوتی خوێناویی ناڕازییانی خەزەڵوەری ٩٨ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بڕیارنامەیەکی دژی ئەم ڕێژیمە دەر کرد.

٢٤ نوێنەری کۆماریخواز بە ڕێبەریی "جیم هەگێدورن" نوێنەری ویلایەتی "مینەسووتا"، ئەو بڕیارنامەیەیان ڕێک خستووە.

لەو بڕیارنامەیەدا لە وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی "جۆ بایدن" سەبارەت بە گۆڕینی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوی دەوڵتی پێشووی ئامریکا ڕەخنە گیراوە و وتوویانە: "دەوڵەتی ترامپ ڕێژەی کوژراوانی ١٥٠٠ کەس تۆمار کردووە، لە حاڵێکدا دەوڵەتی بایدن ئەو ڕێژەیەی بۆ ٣٠٤ کەس کەم کردووەتەوە".

ئەو نوێنەرانە داوایان کردووە کە وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی "بایدن" ڕێژەی کوژراوانی خەزەڵوەری ٩٨ بکاتەوە بە ١٥٠٠ کەس و ئەو کارەی دەوڵەتی "بایدنـ"ـیان یارمەتییەک بۆ داپۆشینی تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران وەسف کردووە.

ئەو بڕیارنامەیە یەکەمین بڕیارنامەی فەرمیی کۆنگرەی ئامریکایە بە مەبەستی بە فەرمی ناسینی کوشتارەکانی ساڵی ٩٨ی هەتاوی کە بە "خەزەڵوەری خوێناوی" ناسێنراوە.

کۆماریخوازان بۆ یەکەم جار "ئەوەیکە زۆربەی خەڵکی ئێران لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری عەلی خامنەیی ڕازی نین و مافی مرۆڤی خەڵکی ئێران بەردەوام پێشێل دەکرێت" لە ئارشیڤی کۆنگرەی ئامریکادا تۆمار دەکەن.