کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ئامریکا لەبارەی بڕیاری دەوڵەتی "بایدن" لەمەڕ پێدانی ڤیزا بە "پەرویز پەرەستوویی" لێکۆڵینەوە دەکات

11:50 - 20 بانەمەڕ 2722

کۆنگرەی ئامریکا لەبابەت دەرکردنی ڤیزا بۆ ''پەرویز پەرەستوویی'' سینەماکاری ئێرانی کە پێوەندییەکی قووڵی لەگەڵ ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران و'' قاسم سلێمانی'' فەرماندەی پێشووی لقی قودسی ئەو ڕێکخراوە هەیە، لێپرسینەوە لە دەوڵەتی ''جۆ بایدن'' دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ''واشنتۆن فری بیکن'' ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕ، ''جیم بنێکس'' نوێنەری کۆماریخوازی ''ئیندیانا'' و یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکان لە مەجلیسی نوێنەران، پرسیاری لە دەوڵەتی بایدن کردووە کە بۆچی ڤیزای بە ''پەرەستوویی'' داوە.

پەروێز پەرەستوویی کۆتایی مانگی ڕابردوو لەلایەن گرووپی چەپگەرای ''کۆدپینگ'' کە بۆ ڕێژیمی ئێران لە ئامریکا لابی دەکات، بانگهێشت کرابوو هەتا لە ڕێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی فیلم و دانیشتنی پرسیار و وڵام بەشداری بکات.

''جیم بنێکس'' وتوویەتی، پەرەستوویی پێوەندییەکی قووڵی لەگەڵ سپای پاسداران هەیە کە ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە و لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئامریکادایە و لە بکەرانی کوشتاری زۆرێک لە شارۆمەندانی ئامریکایی بووە.

ناوبراو لە نامەیەکدا بۆ ''ئانتۆنی بلینکن'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا و ''ئاڵخاندرو مایورکاس'' وەزیری ئەمنییەتی نێوخۆیی ئامریکا نووسیوەیەتی: ''پەرەستوویی ڕاستەوخۆ لە پرۆژەکانی تەبلیغاتیی سپای پاسداران بەشداریی هەبووە و بڕەوپێدەری ئیدئۆلۆژیی توندئاژۆیانە کە لە ڕاستای ئامانجەکانی ڕێژیمی ئێران فۆرم بە فەرهەنگی ئێران دەدات، ئەو لە زۆرێک لەو فیلمانەی بۆ پشتیوانی لە ڕێژیم و سپا بەرهەم هاتوون، ڕۆڵی هەبووە''.

ئەو نوێنەرەی ئامریکا داوای لە وەزارەتخانەکانی دەرەوە و ئەمنییەتی نێوخۆیی کردووە هەتا ٢٠ ڕۆژی دیکە بەنیسبەت ئەو بابەبەتەوە وڵام بدەنەوە.