کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ئامریکا گەڵاڵەیەکی بۆ ڕاگرتنی چالاکیی دڕۆنەکانی ئێران خستەڕوو

12:01 - 10 سەرماوەز 2721

کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مجلیسی نوێنەرانی کۆنگرەی ئامریکا گەڵاڵەیەکی خستووەتە ڕوو هەتا چالاکیی دڕۆنەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکان و هەموو ئەو کەسانەی کە لەوبارەوە یارمەتیی ڕێژیم دەدەن، سزا بدرێن.

ڕۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەز، کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرەی ئامریکا یاسای بەرنگاربوونەوە لەگەڵ فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ڕێژیمی ئێرانی خستەڕوو، هەتا گەمارۆکانی ئامریکا دژی بەرنامە چەکوچۆڵییەکانی ئێران کە دابینکردن، فرۆش و ڕاگواستنیان لەخۆ دەگرێت، دیاری بکرێت.

ئەو یاسایە ئەوش دەخاتە ڕوو کە سیاسەتی ئامریکا ئەوەیە کە لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران و گرووپەکانی سەر بەو ڕێژیمە بە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان کە ئەگەری هەیە لە هێرش دژی ئامریکا یان هاوپیمانەکانی کەڵکی لێ وەربگیرێت، پێشگیری بکات.

''گریگوری میکس'' بەرپرسی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، وتوویەتی: ''بوونی فڕۆکەی بێ ‌فڕۆکەوانی شەڕکەر لە دەستی ڕێژیمی ئێران وەکوو گەورەترین هەناردەکاری تێرۆریزم لە جیهاندا، ئەمنییەتی ئامریکا و ئاشتیی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە و بەهیچ شێوەیەک هیچ پشتیوانییەک لە بەرنامەی فڕۆکە بێ‌ فڕۆکەوانەکانی ڕێژیمی ئێران قەبووڵ ناکرێت''.

هەروەها ''مایکل مەکاڵ'' ئەندامی کۆماریخوازی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا وتوویەتی، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناتوانن لەژێر هەڕەشەی هێرشی فڕۆکە بێ ‌فڕۆکەوانەکانی ڕێژیمی ئێراندا لە ئازادیدا بژین و ناتوانن ئەمنییەت و ئاشتییان لە ناوچەکەدا هەبێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ٧ی خەزەڵوەر، چوار کەسی ئێرانی یەک لەوان فەرماندەی یەکەی دڕۆنەکانی ڕێکخراوی هەوا- فەزای سپای پاسداران وێڕای دوو شیرکەتی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ سپای پاسداران تەحریم کردبوو.