کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان بەیانییەیەکی بڵاو کردەوە

11:57 - 12 سەرماوەز 2721

ڕۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی "ئیسفەهان و شەهری کورد" بەیانییەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم بەیانییەیە بەم چەشنەیە:

لە دوو حەوتووی کۆتایی مانگی خەزەڵوەر، لە شاری "ئیسفەهان" سەبارەت بە مافی بەشە ئاوی وەرزێڕان ناڕەزایەتیی بەرین لە پردی "زایەندەڕوود" بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی کە ڕێژیمی ئێران هەوڵێکی سەرشۆڕانەی بۆ دەسبەسەرداگرتنی دا بەڵام بە وتنی "هوو" لەلایەن ناڕازییەکان بۆ "عەلی خامنەیی" ئەو هەوڵە بێ ئاکام مایەوە و پەرچەکرداری سەرکوتانەی بەربڵاوتر دژی خەڵک لە "ئیسفەهان" ئەنجام درا.

پشتیوانیی بەربڵاوی خەڵکی "ئیسفەهان" لە وەرزێڕانی ناڕازی، بووە هۆی ئەوەی ئەو ناڕەزایەتییە لە ناوچەکانی دیکەی ئەو شارەش پەرە بستێنێت و لە ئاکامدا شەڕ و تێکهەڵچوونی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران و خەڵکی لێکەوتەوە کە چەندین دیمەن لە تەقە بە گولـلەی ساچمەیی و لێدان و پێدادانی هێزەکانی ڕێژیم دژ بە خەڵک بڵاو بووەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەردەوامیی ئەو ناڕەزایەتییانەی خەڵک لە ٣٠ی خەزەڵوەردا بوو بەهۆی ئەوەی خەڵکی "شەهری کورد" بەهۆی کێشەی بێ ئاوی و بژێویی ژیان بڕژێنە سەر شەقامەکان. سیاسەتی هەڵاواردنی ئاو لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هەڵسوکەوتی پێشینەداری ئەو ڕێژیمە، خەڵکی "شەهری کوردیـ"ـشی تووشی ترس و تۆقان کرد و ئەوانیش بۆ پێشگرتن لە ڕاگواستنی ئاوی "کاروون" ڕێپێوانیان بەڕێوە برد.

لە بواری بابەتی قەیرانی ئاو لە ڕۆژەکانی کۆتایی مانگی پووشپەڕ و سەرەتای مانگی گەلاوێژ خۆپیشاندانی بەربڵاوی نەتەوەی عەرەب و هاوڵاتییانی دیکە بەنیسبەت بێ ئاوی، جا چ ئاوی خواردنەوە و چ ئاوێک بۆ کشتوکاڵ، بێبەزەییانە سەرکوت کرا کە کوژران، برینداربوون و دەسبەسەرییەکی زۆری ئەو ناڕازییانەی لێ کەوتەوە.

بەردوامیی قەیرانی بێ ئاوی و گۆڕانکاریی کەشوهەوا لەگەڵ سیاسەتی هەڵاواردنی ئاو، گەندەڵیی پێکهاتەیی و بەڕێوبەریی نەشیاو لە ڕێژیمی ئێراندا نەتەنیا بەشی کشتوکاڵی لەگەڵ کێشەگەلێکی مەترسیدار بەرەوڕوو کردووەتەوە بەڵکوو دابینکردنی ئاوی باشیشی بۆ خواردنەوەی خەڵک لەگەڵ قەیران بەرەوڕوو کردووەتەوە. 

قەیرانی ئاو، ڕۆچوونی زەوی، تەپوتۆز، قەیرانی گۆلی ورمێ، قەیرانی هەوای پاک و خاوێن لە شارە گەورەکان، وشکبوونی زەلکاوەکان و دەیان قەیرانی ورد و درشتی دیکە بەشێک لە کارنامەی ژینگەیی ڕێژیمی ئێرانن.

دەزگای ناکارامەی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی و مافیای ئاو بۆ بەدەستهێنانی قازانجێکی زۆر لە بەنداوەکان و بەلاڕێدابردنی ئاو لە شوێنی سروشتیی خۆیان بۆ ناوچەکانی وەکوو پیشەی ئاو بۆ پۆڵا، سرامیک، پێترۆشیمی و... خزمەتگوزاریی ئاوی وڵاتی بۆ لای لەنێوچوون بەرەوپێش بردووە و دەرەتانی ژیانکردنی خەڵکی بۆ نەوەکانی داهاتووی لەگەڵ کێشە و مەترسیی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

ئێمە لەنیوبردنی ژینگە لە ئێران کە بەرهەمی سیاسەتە نائاقڵانە و قازانجخوازانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە بە توندی مەحکووم دەکەین و بە هەموو هێزمانەوە پشتیوانی لە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی "ئیسفەهان و شەهری کورد" دەکەین.

ئێمە، پێشگیری و ڕێگاچارە بۆ ئەو پرۆسە وێرانکەرە لە وڵات، لەلایەن ناڕەزایەتییەکانی بەربڵاوی خەڵک، دژی سیاسەتە دژە ژینگەییەکانی کۆماری ئیسلامی دەبینینەوە و داوا لە تەواوی نەتەوەکان دەکەین بۆ خەبات بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی یەکدەنگ بن.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ

شورای دێموکراسیخوازیی ئێران

هاوخەباتی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران

٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی – ٣٠ی نوامبری ٢٠٢١