کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ: ناڕەزایەتییەکان تا گۆڕینی ڕێژیم درێژە بدەن

12:50 - 27 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە بەیانییەیەکدا خوازیاری بەردەوامبوون و پەرەپێدانی ناڕەزایەتی دەربڕینەکانە و پشتیوانیی خۆی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ڕاگەیاند.

بەیانییەی کۆنگرەی ئێرانی فیدرال بەم چەشنەیە:

بەیانییەی پشتیوانیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە خۆپیشاندانەکان

بەرزبوونەوەی لە ناکاوی نرخی بێنزین، خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە سەختی و باری گوزەرانی ژیانی، هێنایە سەر شەقام. بەپێی ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکرێت خۆپیشاندانەکان کە لە ٣٩ شاری جیاوازدا هاتوونەتە ئاراوە، تا ئیستا ٦ کوژراو و ژمارەیەکی زۆریش برینداریان لێکەوتووتەوە. شارەکانی تاران، تەورێز، شەهریار، کەرەج، ئیسفەهان، شیراز، مەشهەد، ئەراک، سنە، ئیلام، ڕەشت، بێهبەهان، یەزد، گورگان، ورمێ، کرمان، بابۆل، یاسوج، بووشێهر، چابەهار، کرماشان، خوڕەم ئاباد، هەمەدان، ئەهواز، ئابادان و خۆڕەم شار لەو شارانە بوون کە خۆپیشاندانێکی بەربڵاوی جەماوەریی تێدا بەڕێوە چووە. باس لەوە دەکرێت بەرەبەرە ژمارەی شارەکانی ناڕازی بە گرانی بوونی نرخی بێنزین زیاد بووە.

٤٠ ساڵ دەسەڵاتداریی سانسۆر، سەرکوت و دڕندەیی کۆماری ئیسلامی هەر چەند جارێک خۆی لە بەرامبەر ڕق و کینەی کۆمەڵانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو دەبێنیت کە هیچ شتێکیان بۆ لەدەستدان نییە. هەڵکشانی ٣ بەرابەریی نرخی بێنزین، بارودۆخی بۆ ژیانێکی گونجاو لە ئێراندا ئەستەم کردووە. کرێکاران، مووچەخۆران و توێژەکانی کۆمەلگا  ئیمکان و توانایی تەحەموڵی گوشاری ئابووریی ئێستایان نییە.

هەناردەکردنی ئیسلامگەرایی و تێرۆریزم، دەستێوەردان لە وڵاتانی دەرەوە، لەوانە سووریە، لوبنان، یەمەن، عێراق و ... و سەرمایەگوزاری نیزامی و ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتانەدا لە دۆخێکدایە کە ٨٠ لەسەدی خەڵکی ئێران بە پێی بەراوردەکانی کارناسان لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ سەرەڕای پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکانی بەربڵاوی خەڵک لە هەموو شارەکان دژی کۆماری ئیسلامی، هەتا گۆڕینی ئەم ڕێژیمە خوازیاری پەرەپێدان و بەردەوامیی ئەم خۆپیشاندانانەیە. خەڵکی بەغیرەتی عێراق نمونەیەکی بەرچاو لە خۆڕاگری و خەبات دژی گەندەڵی و ناکارەمەیی دەوڵەتە. دەرس وەرگرتن لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق ئیمکانی ئەوە بۆ خەڵکی ئێران دابین دەکات کە پەرەپێدان و بەردەوامبوون هەتا ڕووخانی ئیستبدادی دینی  درێژە پیبدەن. هەتا ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لەم وڵاتەدا دەسەڵاتی هەیە، سفرەی خەڵک هەر بەتاڵ دەبێت و ژیانی ڕۆژانەیان پڕ لە چەرمەسەری دەبێت.

بەرەو پەرەپێدان و بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ

١٤ی نوامبری ٢٠١٩ زایینی