کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

19:26 - 20 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە تەنیا ڕێگای ڕزگاریی خەڵکی ئێران و جیهان گۆڕێنی ڕێژیمی ئێرانە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە سەر ئەو باوەڕیە کە بەرپرسی سەرەکیی قەیرانەکانی کە ئێستا دروست بووە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران و سیاسەتە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمەیە. بە پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەدا بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر سەقامگیری و ئەمنییەتی ناوچەکه. هەڵوێستی کۆمەڵگای جیهانی لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک سەرەکیترین هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچەدا، لە چوارچێوەی گەمارۆ ئابوورییەکاندا قەتیس ماوەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە دوو قات فشار بۆ سەر خەڵکی ئێران بێت.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە سەر ئەو باوەرەیە کە خەڵکی ئێران خۆیان سەرەکیترین هۆکاری گۆڕینی ڕێژیمی ئێرانن، خەڵکی ئێران (بەلووچ، کورد، فارس، تورک، لوڕ، تورکمەن، عەرەب و...) لە سەر داواکارییەکانی خۆیان سوورن و مافی خۆیان دەوێت. خەڵکی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار به خۆپیشاندان سەرەڕای سەرکوتەکانی ڕێژیمی ئێران مافی خۆیان داوا کردووە و چەندین جار دەنگی ڕووخانی ڕێژیمیان بەرز کردووەتەوە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە سەر ئەو مەسەلەیە جەخت دەکاتەوە کە تەنیا ڕێگای ڕزگاریی خەڵکی ئێران لەو دۆخە هەژێنەرە، تەنیا گۆڕێنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیرانە و دامەزراندنی دەسەڵاتێکە لە سەر ئازادی، بەرابەری، سێکۆلاریزم، ناناوەندگەرایی و فێدراڵیزم.

لە پێوەندییەادا، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، پشتیوانی لە داواکارییەکانی خەڵکی ئیران بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئێران دەکات.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ
٢٠ بانەمەڕێ ١٣٩٧ی هەتاوی
١٠ی مەیی ٢٠١٨ی زایینی