کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کورد لە ڕاستای یەکخستن و یەکگرتوویی گوتاری کوردانی دیاسپۆرا درێژە بە کارەکانی خۆی دەدات

11:00 - 16 سەرماوەز 2721

کۆنگرەی ''کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کورد'' کە چەند ڕۆژە بە ئامانجی یەکخستن و یەکگرتوویی گوتاری کوردانی دیاسپۆرا لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، بۆ گۆڕانکاری لە پەیڕەو و پرۆگرامەکەیان، هەنگاو دەنێن.

دوکتور ''ئازاد نەجاڕ'' ئەندامی کۆنگرە وتوویەتی: "چووینەتە نێو سیستەمی ئورووپایی و جیهانی، لە بوارەکانی سیاسی و ئابووریدا توانیومانە کاریگەریمان هەبێت لەسەر بڕیاراتی ئورووپا و ئامریکا لە پارلمانەکانی دونیا، هەموو ئەو کارانە بۆ پێشکەوتنی ناوی کوردە لە هەموو جیهاندا کە ئەمەیان کارێکی زۆر گرینگە".

لەو کۆنگرەیەدا یەکەم گۆڕانکاری لە ناوی کۆنفیدراسیۆنەکەیانەوە دەستی پێ کرد و دوای قسە و باسێکی زۆر ناوی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کورد، گۆڕدرا بۆ "کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی".

''بەهات حەسیب قەرەداخی'' ئەندامێکی کۆنگرەکە دەڵێت: "لە خوراسان دوو ملیۆن کوردمان هەیە، بە سەدان ساڵە لەوێ دەژین، ئەمانە کۆچبەر نین و لە خاکی کوردستانیشدا نین، بەڵام کوردن، کوردێکی زۆرمان هەیە لە قەزاخستان و قیرقزستان لە ڕووسیای پێشوو، ئەمانە هیچیان لەسەر خاکی کوردستان ناژین واتە کوردستانی نین، بەڵام کوردن".

''حیسام دەستپیش'' ئەندامی نوێی کۆمیتەی گشتی باسی لەوە کردووە: "کۆمەڵێک خاڵی ستراتیژی دیاری کراوە، بەڵام بەشی جۆراوجۆری هەیە، وەک بەشی ڕاگەیاندن و بەشی لۆبی و پەیوەندیی دیپلۆماسی و بەشی ڕێکخستن".

لە کۆنگرەکەدا دەنگ لەسەر ئەوەش درا کە هەر سێ ساڵ جارێک کۆنگرە ببەسترێت، دوای هەڵبژاردنی کۆمیتەی گشتی، ئەندامەکان حەوت کەس لەنێو خۆیاندا دەستنیشان دەکەن بۆ کۆمیتەی ڕێبەری، کاری سەرەکیی کۆنفیدراسیۆنیش پێکەوە گرێدانی کوردان دەبێت لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

١٣ی سەرماوەز، لە هۆڵی ''سەعد عەبدوڵڵا'' لە شاری هەولێر کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کورد بە بەشداریی نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان و ڕەوەندی کورد لە وڵاتانی جیهان کە مەبەست لێی یەکخستن و یەکگوتاریی کوردانی تاراوگەیە، بەڕێوە چوو کە هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی "محەممەد ساڵح قادری" بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزب، بەشداریی تیدا هەبوو.