کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ١٠ـەیەمی یەکیەتیی لاوان کۆتایی پێهات

16:54 - 24 بەفرانبار 2720

١٠ـەیەمین کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا و بەڕێوبەریی نوێی ئەو ڕێکخراوەیە هەڵبژێردران.

کۆنگرەی ١٠ـەیەمی یەکیەتیی لاوان لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، دەستی پێکرد و سەرەنجام پاش ٣ ڕۆژ کاری بەردەوام، ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانبار، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا و دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی ئەو ڕێکخراوەیە هەڵبژێردران.

لەو کۆنگرەیەدا "پێژمان شەریعەتی" وەکوو سکرتێری نوێی یەکیەتیی لاوان هەڵبژێردرا.

کۆنگرەی ١٠ـەیەمی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "لاوان گرێدەری خەباتی شاخ و شار" لە کەشێکی تایبەت و هەستیاردا و لەژێر دروشمی "لاوانی یەکگرتوو، هێزی سەرکەوتوو"دا بەڕێوەچوو.

سەرەتای ئەو کۆنگرەیە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

لەو کۆنگرەیەدا "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشێک لە ئەندامانی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕی، بەشدار بوون و چەپکەگوڵی پیرۆزباییان پێشکەش بە کۆنگرەی ١٠ـەیەمی ئەو ڕێکخراوەیە کرد.

"هیجری" لە سەرەتای کردنەوەی کۆنگرەدا، چەند وتەیەکی لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی و کاری شێلگیرانەی لاوان و هەروەها بارودۆخی شپرزەی ئێستای ڕێژیمی ئێران و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە پێشکەش کرد و داوای لە لاوان کرد کە بە یەکگرتوویی و کاری بەردەوام لە پۆتانسییەلی لاوان بۆ سەرخستنی داوا ڕەوا و دێموکراتیکەکانیان کەڵک وەرگرن.

پڕۆسەی کارەکانی ئەو کۆنگرەیە بە چەند بڕگەدا تێپەڕی و سەرەنجام لە کەشێکی دێموکراتیکدا سەرجەم کارەکانی خۆی کۆتایی پێهێنا.

خاڵی جێی سەرنج و تایبەت کە کۆنگرەی ١٠ی ڕێکخراوی "یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانـ"ـی لەگەڵ کۆنگرەکانی دیکە جیا دەکردەوە، بەڕێوەچوونی کۆنگرە بەشێوەی "ئانلاین" بوو کە وەکوو یەکەم ئەزموونی سەرکەوتوو لەو بوارەوە بۆ ڕێکخراو چاو لێ دەکرێت.

هەروەها لەلایەن چەندین حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتیی ناودارەوە، برووسکەی پیرۆزبایی بۆ ئەو کۆنگرەیە نێردرا

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری کوردستان دامەزرا و هەتا ئێستاش لەسەر مەکتەبی کۆمار و بنەما هزرییەکانی شەهید "دوکتور قاسملوو"ی نەمر بەردەوامە لە کار و تێکۆشان لەپێناو دەستەبەربوونی مافەکانی لاواندا.