کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر

15:37 - 18 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: عەبدووڵڵا ئەمجەدی کوڕی محەممەد خەڵکی ناوچەی کەڵاتەرزانی سـنە، ئەندامی حیزبی دێموکرات و دانیشتووی هەولێر لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا بەهۆی رووداوێکی هاتوچوو ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، عەبدووڵڵا ئەمجەدی ئەندامی حیزبی دێموکرات، لە دایکبووی گوندی ئالیاوای ناوچەی کەڵاتەرزانی سـنە و باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا بەهۆی رووداوی هاتوچوو لە نێوان شارۆچکەی بنەسڵاوە و کەسنەزان لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

عەبدووڵڵا ئەمجەدی باوکی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تۆفیق ئەمجەدی بوو و بەهۆی کوڕەکانیەوە لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی پێوەندی بە تەشکیلاتی حیزبەوە گرت.

ناوبراو لەبەر ئەوەی کە باوکی پێشمەرگەیەکی حیزب بوو لەلایەن رێژیمەوە زەختی لەسەربوو و بەردەوام خۆی و بنەماڵەکەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سـنەوە ئازار و ئەزیەت دەدران.

رێژیمی ئێران، دەست‌وپێوەندییەکانی خۆی لە عەبدوڵڵا ئەمجەدی هان دەدا کە گوشاری بخەنە سەر هەتا تەسلیمی ئەوان بێت، بەڵام ناوبراو هیچکات نەکەوته ژیر رکێف و داخوازییەکانی رێژیم و خۆفرۆشان.

ئەم ئەندامەی حیزبی دێموکرات، دواجار لە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی زێدی خۆی بەجێهشت و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوو.

ناوبراو هەتا دوایین هەناسەکانی، بە رێبازی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە و خۆی و بنەماڵەکەی وەکوو ئەندامێکی دڵسۆز و فیداکار ئەرکی حیزبیان بەڕێوە دەبرد.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ١٦ی خەرمانان، عەبدووڵڵا ئەمجەدی لە نێو ئاپۆڕای خەڵک و هاوڕێیانیدا لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات بە خاک سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری عەبدوڵڵا ئەمجەدی دەکا و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.