کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دواییی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات

11:59 - 2 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی نۆروێژ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، ١ی ڕەشەمە، مەحموود نووری ناسراو بە ''خالە مەحموود''، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی نۆروێژ مالئاوایی لە ژیان کرد.

مەحموود نووری، ساڵی ١٣١٤ی هەتاوی، لە گوندی خەلیفەلیان، سەر بە شاری نەغەدە، لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر لە دایك بووە.

ناوبراو، لە ساڵی ١٣٥٧ لەگەڵ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.

لە تەمەنی پێشمەرگایەتیدا لە چەندین ئۆرگانی جۆاروجۆر بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەركەكانی بەجێ گەیاندووە وەک: بەرپرسی بەشی تەقەمەنی حیزب، بۆ ماوەیەكی زۆر لە بەشی گومرۆکی حیزب كاری كردووە و چەندین ساڵیش لە بەشی خەدەماتی حیزبدا ئەرکی وەئەستۆ گرتووە.

شایەنی باسە، لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەندین جار لە لایەن حیزبەوە تەشویق كراوە.

لە ساڵی ٢٠١٥دا، بە ھۆی ناساغی و نەخۆشییەوە و بۆ چارەسەریی نەخۆشیەكەی ڕوو لە ئورووپا دەكات و لە وڵاتی نۆروێژ نیشتەجێ دەبێت و لەو ماویەشدا كە لە دەرەوەی وڵات بووە ھەر بیری لای گەل و حیزبەكەی بووە.

خاڵە مەحموود، ھەموو كات دەیگووت دوو ئاواتم ھەیە، یەكەم كە ئازادیی كوردستان بە چاوی خۆم ببینم و ئەوی دیكەی زیارەتی گڵكۆی ڕێبەرانی شەھیدم لە پێرلاشێز بكەم.

ئەگەرچی بە یەكێك لە ئاواتەكانی گەیشت کە بچێتە سەر گڵكۆی ڕێبەرانی شەھیدەوە، بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا كە ئازادی گەلەكەی بە چاوی خۆی ببینێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.