کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچەر بیرکار لە کوردستان دوکتورای شانازیی پێ بەخشرا

11:41 - 8 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە لایەن زانکۆی "سەلاحەدینـ"ـی لە هەولێری باشووری کوردستان، دوکتورای شانازیی بە پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار بەخشرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ۷ی خاکەلێوە، زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێری پێتەختی باشووری کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، بە بەشداریی بنەماڵەی پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، سەرۆک و مامۆستایانی زانکۆوەکانی هەرێم و کۆمەلێک لە هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵات و باشووری کورستان، دوکتورای شانازیی بە پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، براوەی خەڵاتی "فڵیدز"ـی بیرکاری بەخشی.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، فیلمێکی دیکۆمێنتاری بڵاو کرایەوە، کە کورتەیەک لە ژیاننامەی دوکتور کۆچەر بیرکار و هەروەها چەندین بڕگەی ژیان و چالاکی و خەڵاتە زانستییەکانی ناوبراو بوو.

پاشان دوکتور "ئەحمەد دزەیی"، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، بەخێرهاتنی بنەماڵەی ‌پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکاری کرد و وتی: "ئێمە بە شانازییەوە دوکتورای فەخری دەبەخشین بە پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، زانا و پسپۆڕی ماتماتیک کە بووەتە جێگای شانازیی سەرتاسەری کوردستان، هیوادارین ببێتە سەرچاوەیەکی زانستی بۆ قوتابییان و خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆوەکانی کوردستان".

لە بڕگەیەکی تری ئەو ڕێوڕەسمەدا، نەچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد، کە وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو ڕێوڕەسمە، ڕایگەیاند: له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی سپاس و پێزانینی خۆمان بۆ زانكۆی سه‌لاحه‌دین كه‌ كارێكی زۆر باشیان كردووه‌، لەگەڵ کاک قوباد تاڵەبانی، پێشنیاری ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ کە بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ له‌ یه‌كێک له‌ زانكۆوەكانی سه‌لاحه‌دین، سلێمانی یان دهۆك یان له‌ هه‌ر شوێنێکی تری هەرێمی کوردستان، هۆڵێكی تایبه‌ت به‌ ناوی پڕۆفیسۆر "كۆچه‌ر بیركار"ـه‌وه‌ بكرێت.

دواتر لە لایەن سەرۆکی زانکۆی "سەڵاحەدینـ"ـەوە، خەڵاتی دوکتورای شانازیی پێشکەش بە پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، بژاردەی زانا و بلیمەتی کورد و براوەی خەڵاتی جیهانیی بیرکاری کرا.

فەریدوون درەخشانی، ناسراو بە کۆچەر بیرکار، لە ساڵی ۱۳۵۷ی هەتاوی، لە گوندێ نێ، سەربە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، قوناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی لە گوندی نێ و شاری مەریوانی تەواو کردووە، لە زانکۆی تاران بڕوانامەی کارناسی و لە زانکۆی "ناتینگهامـ"ـی بریتانیا بڕوانامەی دوکتورای بیرکاریی وەرگرتووە، ساڵی ۱۳٨٥ی هەتاوی، وەکوو پڕۆفیسۆری بیرکاری لە زانکۆی کەمبریج لە وڵاتی بریتانیا، وەکوو مامۆستا دەستبەکار بووە کە هەنووکەش بەردەوامە.

کۆچەر بیرکار، جیا لەوەی کە لە ۲۰ وڵاتی جیهاندا کۆبوونەوە و کۆڕبەندی لەسەر بیرکاری و دوایین دەستەکانی بیرکاری بەڕێوە بردووە، تاکوو ئێستا چوار خەڵاتی جیهانی بەدەست هێناوە کە بریتین لە: خەڵاتی بنکەی بیرکاریی پاریس، خەڵاتی لێڤێرهووڵم، خەڵاتی مۆر بۆ وتاری لێکۆڵینەوەی ۲۰۱۶ی زایینی و خەڵاتی جیهانیی بیرکاری (فیڵدز) لە ساڵی ڕابردوودا.