کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کۆچەر بیرکار" وەک یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆکانی جیهان هەڵبژێردرا

11:54 - 9 پووشپەڕ 2721

پرۆفیسۆر "کۆچەر بیرکار" بیرمەندی ناوداری کورد وەک یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆکانی چین و جیهان هەڵبژێردرا.

زانکۆی "شینگ هوئا" لە چین کە یەکێک لە باشترین ناوەندەکانی زانستی لە ئاستی جیهاندایە پرۆفیسۆر "کۆچەر بیرکار"ی وەک مامۆستای ئەو زانکۆیە هەڵبژارد. پرۆفیسۆر "بیرکار" پەیوەست بووە بە کۆی بیرکارانی لێهاتووی جیهان.

فەریدوون درەخشانی، ناسراو بە کۆچەر بیرکار، لە ساڵی ۱۳۵۷ی هەتاوی، لە گوندێ نێ، سەر بە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، قوناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی لە گوندی نێ و شاری مەریوانی تەواو کردووە، لە زانکۆی تاران بڕوانامەی کارناسی و لە زانکۆی "ناتینگهامـ"ـی بریتانیا بڕوانامەی دوکتورای بیرکاریی وەرگرتووە، ساڵی ۱۳٨٥ی هەتاوی، وەکوو پڕۆفیسۆری بیرکاری لە زانکۆی کەمبریج لە وڵاتی بریتانیا، وەکوو مامۆستا دەستبەکار بووە کە هەنووکەش بەردەوامە.

کۆچەر بیرکار، جیا لەوەی کە لە ۲۰ وڵاتی جیهاندا کۆبوونەوە و کۆڕبەندی لەسەر بیرکاری و دوایین دەستەکانی بیرکاری بەڕێوە بردووە، تاکوو ئێستا چوار خەڵاتی جیهانی بەدەست هێناوە کە بریتین لە: خەڵاتی بنکەی بیرکاریی پاریس، خەڵاتی لێڤێرهووڵم، خەڵاتی مۆر بۆ وتاری لێکۆڵینەوەی ۲۰۱۶ی زایینی و خەڵاتی جیهانیی بیرکاری (فیڵدز) لە ساڵی ڕابردوودا.