
کوردستان میدیا: "کۆچەر بیرکار"، پڕۆفیسۆری ناوداری کورد و براوەی خەڵاتی نۆبێلی بیرکاری، پاش هەڵبژاردنی وەک بیرمەندی یەکەمی ساڵ لە جیهاندا، ڕوو لە خەڵکی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دوای ئەوەی کە دامه‌زراوه‌ی "پرۆسپێكت"، پڕۆفیسۆر "کۆچەر بیرکار"، زانای کوردی بواری بیرکاریی وه‌ک بیرمه‌ندی یەکەمی جیهان هه‌ڵبژارد، ناوبراو لە لاپەڕەی فەرمیی خۆیدا لە "فەیس بووک"، سپاسی ئەو کەسانەی کرد کە دەنگیان پێی داوە.
"کۆچەر" لە بەشێکی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "زۆر سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە ڕیزبەندی بیرمەندانی جیهان لە گۆڤاری پرۆسپێکت، دەنگیان پێ دام. زۆر خۆشحاڵ بووم کە کوردێک و بیرکارێک وەکوو یەکەم هەڵبژێردرا".
ناوبراو وێڕای جەختکردنەوە لەسەر نەتەوەی کورد و کوردستانی بوونی خۆی، لە درێژەدا وتوویەتی: "بە هیوام ئەمە ببێتە هۆی هاندانی زیاتری کوردان بۆ خوێندن و بەرەوپێش چوون".
ڕۆژی سێشه‌ممه، ١٢ی خەرمانان، دامه‌زراوه‌ی "پرۆسپێكت"، براوه‌ی پێشبڕكێی ٥٠ كه‌سایه‌تیی ناوداری جیهانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ناسناوی "بیرمه‌ندی جیهان بۆ ساڵی ٢٠١٩"ی ڕاگه‌یاند و ئاشكرای كرد كه "كۆچه‌ر بیركار"، مامۆستای کوردی زانكۆی "كەمبریجی بریتانیا"، وه‌ک یەکەم بیرمه‌ندی ساڵ، هه‌ڵبژێردراوه.
"كۆچه‌ر بیركار" ساڵی ٢٠١٨ خه‌ڵاتی "فیڵدزی بیركاریـ"ـی كه به نۆبێلی دونیای زانستی بیركاری هه‌ژمار ده‌كرێت، بردووه‌ته‌وه.