کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچەر بیرکار ڕێزی لێ گیرا

12:15 - 15 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کۆڕی ڕێزلێنان لە پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار لە زانکۆی کوردستانی شاری سنە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی ڕەشەمە، کۆڕێکی ڕێزلێنان لە پڕۆفیسۆر "فەرەیدوون درەخشانی" ناسراو بە "کۆچەر بیرکار" بە بەشداریی بنەماڵەکەی و تاقمێک لە مامۆستایانی شارەزای بیرکاری لە زانکۆی کوردستانی شاری سنە بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی "تەربییەت موعەلم" لە بارەی کۆچەر بیرکارەوە وتی: زانایەک وەکوو کۆچەر بیرکار تەنیا مڵکی وڵاتەکەی خۆی نییە و بەڵکوو مڵکی تەواو جیهانە و هەروەها وتیشی نوێترین لاپەڕەی مێژووی بیرکاری هاوچەرخ لە ئێراندا بە دەست پڕۆفیسۆری کورد "کۆچەر بیرکار" هەڵدرایەوە.

ناوبراو هەروەها وتی: "هەواڵی بەدەستهێنانی خەڵاتی فیڵدز لە لایەن ئەم پڕۆفیسۆرە ناودارە کوردەوە، خۆشترین هەواڵی ٨٠ ساڵ تەمەنم بووە".

کۆچەر بیرکار، ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی، لە گوندی "نێـ"ـی سەر بە شاری مەریوان، چاوی بە دنیا هەڵهێناوە و بڕوانامەی کارناسی لە زانستگەی تاران وەرگرتووە.

ناوبراو قۆناغی دوکتورای لە زانستگەی ناتینگهام لە بریتانیا تەواو کردووە و لە ساڵی ١٣٨٥ـەوە وەک پرۆفسۆری بیرکاری، لە زانستگەی کەمبریج دەستبەکار بووە.

فەرەیدوون درەخشانی (کۆچەر بیرکار)، خەڵاتی ٢٠١٦ی ئەنجومەنی بیرکاریی ئامریکای وێڕای ٣ بیرکار دیکە بەدەست هێناوە.

پڕۆفسۆر "فەرەیدوون درەخشانی"، یەکێک لە مامۆستایانی لاو لە زانکۆی کەمبریج، لە وڵاتی بریتانیایە کە توانی میداڵی "فیلدز"، بەناوبانگترین خەڵاتی جیهانی لە بەشی بیرکاریدا بە دەست بێنێت.

میداڵی فیلدز، لە ساڵی ١٩٣٦ زایینی هەتا ئێستا، لە لایەن دامەزراوەی فیلدز لە شاری تۆرنتۆ هەر چوار ساڵ جارێک بە دوو کەس هەتا چوار توێژەری ژێر تەمەن ٤٠ ساڵ دەدرێت، کە لە بەشی بیرکاری لە جیهاندا کار دەکەن.