کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچەرەکانی کرماشان لەگەڵ کێشەی گرانیی تفاق و هەرزانیی گۆشتی مەڕوماڵاتەکانیان بەرەوڕوو بوونەتەوە

12:01 - 21 خەزەڵوەر 2721

کۆچەرەکانی کرماشان لەگەڵ کێشەگەلێکی زۆر بەرەوڕوون کە هەندێکیان بریتین لە: "کێشەکانی کۆچکردن، تێچووی ڕاگرتنی مەڕوماڵات، نەبوونی و گرانبوونی تفاق، نەبوونی پێڕاگەیشتن، نەبوونی سووتەمەنی لەوانە نەوت و کەمیی ئارد و...".

"مووسا بەیات" سەرپەرستی کۆچەرەکانی پارێزگای کرماشان باسی لەوە کردووە: "وێڕای ئەوەی نرخی تفاق زۆر بەرز بووەتەوە، مەڕوماڵاتی کۆچەرەکانیش لەلایەن پشتیوانی کاروباری مەڕوماڵات زۆر کەمتر لە نرخی پەسندکراو دەکڕدرێت و ئەمە کۆچەرەکانی تووشی کێشەی گەورە کردووە".

ناوبراو زیادی کردووە: "٥٠٠ بنەماڵەی دیکە بە بنەماڵەی کۆچەرەکانی کرماشانەوە زیاد بوونە و کۆچەرەکان نزیک بە ٤.٢ لەسەدی هەموو حەشیمەتی پارێزگای کرماشان پێک دەهێنن، ئەو ئامارە بۆ هەموو کوردستان و ئێران ٦.٧ لەسەدە و پارێزگای کرماشان لە بواری حەشیمەتی کۆچەرەکانەوە پلەی هەشتەمی هەیە".