کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان کوژرانی کاسبکاران و کۆڵبەرانیان لە کوردستان و بەلووچستان مەحکووم کرد

17:16 - 11 رەشەمه 2720

کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە بەیانییەیەکدا کوژرانی کۆڵبەران و کاسبکارانیان لە کوردستان و بەلووچستان مەحکووم کرد.

دەقی ئەو بەیانییەیە بەم چەشنەیە:

جوابی خەڵکی برسی، کوشتن نییە!

پارێزگای "سیستان و بەلووچستان" شوێنی بەشێکی زۆر لە ئۆستوورەکانی ئێرانە و ئەنباری پێشووی دانەوێڵە و شوێنی ژیانی ئازادیخوازان بووە و ئەمڕۆ لەنێو ئاگری سیاسەتی جیاوازیی کاربەدەستاندا دەسووتێت. دانیشتووانی ئەو پارێزگایە گیانی خۆیان لەپێناو پارووە نانێکدا لەدەست دەدەن و مافیاکانی دەسەڵات و سەروەت، جەستەی لاوەکانی برسیی ئەو پارێزگایە لە خەڵتانی خوێن و خۆڵ دەکەن. هەر وەک ئەوەیکە ماوەی چەندین ساڵە خوێنی کۆڵبەرانی لاوی کورد لە شاخەکاندا شوێنە بەفراوییەکانی ڕەنگین کردووە.

کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان بە مەحکوومکردنی کوشتنی کاسبکاران لە "سیستان و بەلووچستان" و کۆڵبەران لە "کوردستان"، بە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ڕادەگەیەنێت: تەوای ئەو بەڵایانەی کە ئەمڕۆ لە سیستان و بەلووچستان، کوردستان و لە سەرانسەری ئێراندا بەسەر خەڵکی هەژار دێت بەرهەمی سیاسەتەکانی کاربەدەستان، پەرەپێدانی گەندەڵی، ئیختلاس و بەتاڵانبردنی سەروەتی ئەو وڵاتە بە دەستی ئاغازادەکانی ئێوەیه و ئاکامی ناڕوونیی ئەو کارانەش لەئەستۆی ئێوەدایە.

زۆر بە جیددی داخوازیی ئەوە دەکەین بە زووترین کات توندوتیژی و جیاوازیی نێوان ئەو خەڵکە بێپەنایانە کۆتایی پێ بێت و ئەو کەسانەی کە دەستیان لە ئەو ئاڵۆزییانەدا هەبووە سزا بدرێن.

هەروەها داخوازین بە ڕەچاوکردنی سیاسەتێک، هەژاری و جیاوازی لە ناوچە پەراوێزخراوەکان بە تایبەت پارێزگای "سیستان و بەلووچستان" لەنێو بچێت.

کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان

١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی