کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕی ڕێزلێنان لە شەهیدان سەید ڕەزا دروودگەر و سەروان چەکۆ ڕەحیمی و شەهیدانی حەماسەی شنۆ لە بریتانیا بەڕێوە چوو

16:46 - 2 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: کۆڕێکی ڕێزلێنان لە شەهیدان سەید ڕەزا دروودگەر و سەروان چەکۆ ڕەحیمی و شەهیدانی حەماسەی شنۆ لە لایەن کۆمیتەی گشتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە بریتانیا بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ۱۹/۰٦/۲۰۱٦ کۆڕێکی ڕێزلێنان بۆ هەر دوو هاوڕێی شەهید کاک سەید ڕەزا دروودگەر و کاک چەکۆ ڕەحیمی و شەهیدانی حەماسەی شنۆی ڕۆژهەڵات، هاوڕێیان کەمال خزری، سەلاح نادری، لوقمان شێخانی، جەماڵ ئیسمائیلی، سەید عومەر حسینی، محەممەد خالید پەیغامی لە لایەن کۆمیتەی حیزبەوە لە بریتانیا بەڕێوەچوو.

کۆڕەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی بە کارەکانی کرد و پاش خۆلەکێک وەستان بە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان وتاری کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا، لە لایەن سولێمان مۆرادیانەوە پێشکەش کرا.

پاش بڵاو بوونەوەی سروودی شەهیدان، وتاری بنەماڵەی کوچکردوو کاک چەکۆ لە لایەن ئاکام ڕەحیمی کوڕی شەهید چەکو ڕەحیمی خوێندرایەوە.

دواتر ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزب بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک چەکۆ بە شێوەی ڤیدیۆیی بڵاو کرایەوە. لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا وتەکانی تاهیر مەحموودی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بەو بۆنەوە بڵاو بووەوە، ناوبراو بە پۆختی لە سەر ڕابردوو و کەسایەتی کاک چەکۆ دوا.

پاشان ڕامبود لوتفپووری نوینەری حیزب لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە بریتانیا وتەیەکی تێر و تەسەلی لە سەر هەردوو شەهیدان کاک سەید ڕەزا و کاک چەکۆ و هەروەها شەهیدانی ئەم دواییانەی شاری شنۆ پێشکەش کرد.

بڵاو کردنەوەی وتاری بنەماڵەی هاڕێی شەهید کاک سەید ڕەزا دروودگەر لە لایەن کچەکەی خاتوو شنە درودگەر و کورتە فیلمێک لە ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنی، بەشێکی دیکە لە بەرنامەکەی پێکهێنا.

پاشان لە لایەن ئاریاکۆ ڕەحیمی کچی کاک چەکۆ ڕەحیمیەوە پەخشانێک بە بۆنەی کۆچی باوکیەوە خۆیندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا محەممەد ئێناخی هۆنراوەیەکی بۆ شەهیدان و پێشمەرگە پێشکەش کرد.

هەروەها یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پەیامیان بۆ دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێورەسمەکه ناردبوو.

شایانی باسە کە شاندێکی بزوتنەوەی گۆران لەم ڕێورەسمەدا بەشدار بوون.

15453.jpg

15454.jpg