کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ هێرشی ڕووسیەی بۆ سەر ئۆکراین مەحکووم کرد

11:09 - 12 رەشەمه 2721

کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد و داوای لە چوونەدەرەوەی خێرای هێزەکانی ڕووسیە لە ئۆکراین کرد و ئەو هێرشەی بە توندترین شێوە ئیدانە کرد.

دوای دوو ڕۆژ لە دانیشتنی تایبەت کە نوێنەرانی ئۆکراین، ئەرتشی ڕووسیەی بە ژینۆساید تاوانبار کرد، کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ١٤١ دەنگی ئەرێنی لە کۆی ١٩٣ دەنگ، ئەو بڕیارنامەیەی پەسەند کرد.

لەو بڕیارنامەیەدا بەتوندی بەڕیاری ڕووسیە لەمەڕ هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوکی مەحکووم کراوە.

٣٥ وڵات یەک لەوان ئێران و چین دەنگی بێ لایەنیان بەو بڕیارنەمەیە دا و ٥ وڵاتی ''ئیریترە، کۆرەی باکوور، سووریە، بلاڕووس و خودی ڕووسیە'' دەنگی نەرێنیان پێ دا.

''ڤلادیمیر پووتین'' سەرکۆماری ڕووسیە حەوتووی ڕابردوو فەرمانی هێرش بۆ سەر ئۆکراینی دا و ئەو هەوڵەی بە پشتبەستن بە مادەی ٥١ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ''بەرگری لە خۆی'' ناو لێ برد.

بەڵام وڵاتانی جیهان بە تایبەت وڵاتانی ڕۆژاوایی بەڵگەهێنانەوەی ڕووسیەیان بە توندی ڕەت کردەوە و ئەوەیان بە پێشێلکردنی بەندی دووەمی ئەو جاڕنامەیە زانیوە کە داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات لە هەڕەشە یان شەڕ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان خۆیان ببوێرن.