کوردستان میدیا: هەیئەتێکی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات بەشداری لە کۆڕیادی شەهیدانی ژینگەپارێزی ڕۆژهەڵات کرد کە لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر ٥ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی بە ئامادەبوونی بەڕێز محەممەدساڵح قادری، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە هەولێر و شاندێکی هاوڕێی، لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی هاوکاریی مرۆیی "ئەفرا" کۆڕێکی بۆ ڕێزلێنان لە خەبات و چالاکیی چوار شەهیدی ژینگەپارێزی مەریوان ساز کرد.
ڕێکخراوی ئەفرا بۆ هاوکاریی مرۆیی بە بەشداریی و ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنی و نوێنەری چەند ڕێکخراوێکی مەدەنیی باشووری کوردستان و کۆمەڵێک چالاکوانی مەدەنی و سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هۆڵی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحکوومییەکان لە شاری هەولێر ئەم کۆڕیادەی بەڕێوە برد.
لە کۆڕەکەدا دوای ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کورد و کوردستان، پەیامی "ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان" خوێندرایەوە و دواتر بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئەفرا کورتە باسێکی لەبارەی کار و چالاکییەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و بەتایبەت هەوڵ و تەقەلا مرۆییەکانی شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی، دوو چالاکوانی ژینگەپارێزی مەریوان پێشکەش کرد.
لە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا بە شێوەی سیمبۆلێک بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی وێنەی چوار ژینگەپارێزی شەهیدی کوردستانی رۆژهەڵات ڕێزیان لێیان گرت و پەیامی ئاشتی و پێکەوەبوونیان بەرزکردەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا و بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ژینگە، لە چەند شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە چوو؛ ئێوارەی ٥ی خەرمانان رێوڕەسمی سەرەخۆشی شەهیدانی ژینگە لە مزگەوتی دارولئیحسان لە شاری مەهاباد لەلایەن رێکخراوە مەدەنییەکانی ئەم شارەوە بەرێوەچوو.
چالاکانی ژینگەپارێزی شاری مەریوانیش بۆ ڕێزگرتن لە یادی هاوڕێیانیان کۆمەڵێک دار بەڕوویان لە پشت دەکەی شەهید شەریف چاند؛ ئەم چالاکییە لە شاری شیرازیش لەلایەن کۆمەلێک لە کوردانی نیشتەجێی ئەم شارە بەڕێوە چوو.
لەلایەکی دیکەشەوە نوسینگەی نوێنەرایەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبۆنەی گیانبەختکردنی چوار ژینگەپارێزی کورد پەیامێکی هاوخەمییان بڵاو کردەوە.