کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادێک بەبۆنەی نۆیەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا موجتەبا میرزادە لە سەقز بەڕێوەچوو

16:46 - 28 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە شاری سەقز کۆڕێادێک بۆ رێزگرتن لە یادی موجتەبا میرزادە ئاوازدانەری کورد و ژەنیاری ڤیۆلۆن، کەمانچە و سێتار بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، ئەو رێوڕەسمە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی لە \'\'فەرهەنگسەرای نەکەرۆز\'\'ی شاری سەقز بەڕێوەچوو و تێیدا مامۆستا عەلی عابیدی، ئەندازیار دڵزار عابیدی و خاتوو سۆما بادامی خوێندکاری رشتەی ئاهەنگسازیی زانینگەی تاران، لەسەر توانا و بەرهەم و کاریگەرییەکانی مامۆستا موجتەبا میرزادە وتاریان پێشکەش کرد.

لە نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا میرزادە، رۆڵی هونەریی مامۆستا بە شێوەیەکی زانستی و ئاکادیمیک باس و لێکدانەوە لەسەر کرا و چەندین بەرهەمیشی بە شێوەی پرۆژێکشێن لە گۆشەنیگای جیاوازەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا.

ئەمە پێنجەمین جارە مامۆستا عەلی عابیدی لەسەر ئەرکی خۆی یادی مامۆستا میرزادە دەکاتەوە.

موجتەبا میرزادە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە کرماشان لە دایک بووە، بەهۆی کارەکەی باوکییەوە کە فەرمانبەری دەوڵەت بووە بۆ چەند ساڵێک دەچیتە ئیلام. بە قسەی خۆی لە تەمەنی منداڵی و سێ ساڵییەوە هۆگری مۆسیقا بووە.

میرزادە بە بێ مامۆستا و لە رێگەی گوێدان بە گۆرانییەکانەوە ژەنینی ئامیری ڤیۆلۆن و نۆتەکانی فێر بووە و لە چەندین کێبڕکێدا پلەی یەکەم بە دەست دێنێت.

ساڵی ١٣٣٩ هاوکاریی خۆی لەگەڵ رادیۆ کرماشان دەست پێ کردووە و ساڵی ١٣٤٧ چووەتە تاران و بە هاوکاریی ئۆرکێستراکانی بابربۆد، نەکیسا و فارابی وەکوو ژەنیاری ڤیۆلۆن چالاکییەکانی خۆی دەست پێ دەکات.

ڤیۆلۆن و کەمانچە ئامیریی سەرەکیی مامۆستا موجتەبا میرزادە بوون بەلام لەگەڵ سێتار و سەنتووریش ئاشنایی تەواوی هەبوو.

میرزادە رێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٨٤ی هەتاوی کۆچی دوایی کردووە.