کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادێک لەوڵاتی دانمارک بۆ شەهیدانی میکۆنوس بەڕێوە چوو

12:33 - 31 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوڵاتی دانمارک، کۆڕیادێکی بۆ شەهیدانی رێستۆرانی میکۆنوس پێکهێنا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە بۆنەی ٢٣ـەمین ساڵرۆژی تیرۆری د.سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لەرێستۆرانی میکۆنوسی شاری بێرلین لەوڵاتی ئاڵمان لەلایەن تیرۆریستانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەشاری ئاڵبۆرگ ناوەندی رێگیۆنی باکووری دانمارک کۆڕیادێکی بەڕیوە برد.

لەو کۆڕیادەدا ژمارەیەکی بەرچاو لەئەندامان، دۆستان و لایەنگرانی حیزب و نوێنەرانی حیزب و رێکخراوی کوردستانی بەشداریان کردبوو.

سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لەشەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان عەلی خانی بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی دانمارک لەو کۆڕیادەدا بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان پەیامێکی پێشکەش کرد.

عەلی خانی لەقسەکانیدا باسی لە: گەورەیی کەسایەتیی دکتور شەرەفکەندی و رۆڵی کاریگەری ئەو لەژیانی سیاسیی حیزبدا کرد، هەروەها باسی لەبڕیاری بوێرانەی بەشی قەزایی وڵاتی ئاڵمان کرد کە رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی مەحکووم کرد.

لەبڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆڕیادەدا ئەلبۆرز روئین‌تەن خوێندکار لەدەروەی وڵات باسێکی کورت و پۆختی لەسەر کەسایەتی بەرزی دوکتور شەرەفکەندی و خەساری لەدەست چوونی ئەو رێبەرەی بزاڤی نەتەوەیی کورد و باسی لەئاکامەکانی دوای تیرۆری ئەو پۆلە لەرێبەرانی حیزبی کرد کە لەماوەی ٣ ساڵ‌دا بەدەستی تیرۆریستانی رێژیمی ئیسلامی شەهید کران، کە سەرەنجام دواتر رێژیمی ئیسلامی لەتیرۆری میکۆنوس‌دا بە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی تاوانبار کرا.

لەبەشێکی دیکەی ئەو کۆڕیادەدا پەخشانێک لەنووسینی سەلاح سەمەدی بۆ شەهیدانی میکۆنوس، لەلایەن قومری ساڵح‌زادەوە پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەیەوە لەلایەن قومری ساڵح زادەوە خوێندرایەوە.

هەروەها بە بۆنەی ٢٣ـەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکرانی د. شەرفکەندی و هاوڕێیانی چەند حیزب و رێکخراوی سیاسی پەیامیان پێشکەش بەو کۆڕێادە کردبوو کە بریتین لە :

ــ کەرتی رێکخستنی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان ــ ئاڵبۆرگ
ــ کۆمەڵەی کورد ــ ئالبۆرگ
ــ ماڵی کورد ــ ئاڵبۆرگ