کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێک لەسەر خەسارناسیی بنکەکانی پەروەردە و فەرهەنگیی ئێران و کوردستان بەڕێوەچوو

14:41 - 4 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە شاری تاران، بە هاوکاریی بنکەی فەرهەنگی- مەدەنیی ''حامی''، لەگەڵ گۆڤاری وەرزیی "بۆخارا"، کۆڕێک لەسەر خەسارناسیی بنکە پەروەردە و فەرهەنگییە‌کانی ئێران و کوردستان بەڕێوەچوو.

ڕۆژی ۳۰ی ڕەزبەر، لە شاری تاران، بە هاوکاریی بنکەی فەرهەنگی- مەدەنیی ''حامی'' کە لە دروستکردنی قوتابخانە و ناوەندی کتێبخانەی گشتی لە ناوچە "مەحروومـ"ـەکان وەک پارێزگاکانی کوردستان و بەلووچستان لە ماوەی هەژدە ساڵی ڕابردوو کاری زۆر گەورەیان کردووە، هەروەها لەگەڵ گۆڤاری وەرزیی "بۆخارا"، کۆڕێک لەسەر خەسارناسیی بنکەکانی پەروەردە و فەرهنگیی ئێران بەڕێوەچوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، "زەینەلعابدین"، لێکۆڵەر لە بواری ئەدەبیاتی منداڵان، بابەتێکی لەمەڕ خەسار و دەرفەتی قۆناغەکانی دوو زمانی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لە باندۆری خراپی فێرکاریی دوو زمانە بوون لەسەر منداڵانی غەیری فارس‌زمان کرد.

دواتر، دوکتور "خالق جەلیل نژاد"، مامۆستای زانکو و چالاکی فەرهەنگی لە شاری مەهاباد، باسێکی لەسەر"گەشەی مرۆیی" لە ئێران و کوردستان پێشکەش کرد.

ناوبراو وتی: ''گەشەی مرۆیی واتە مرۆڤەکان بگەنە ئاستێک لە توانایی و هێز کە بتوانن ژیان و گوزەرانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی خۆیان بێ ئیجازەی هیچ هێزێکی خاوەن دەسەڵات بە شێوەیەکی ئازاد دروست بکەن. نابێ هیچ گرووپێکی ئینسانی لەسەر پێوەرگەلی زمانی، نەتەوەیی، جینسییەتی، یان هەر چەشنە جیاوازییەکی تر بکەوێتە ژێر زەخت و گوشار و بێبەشکردنەوە".

دوکتور "جەلیل ‌نژاد" ئاماژەی بەوە کرد کە پارێزگا کوردنشینەکانی وەک: "ورمێ، کوردستان، کرماشان، ئیلام"  و هەروەها پارێزگای "سیستان و بەلووچستان"، لەو پارێزگایانەن کە لە گەشەی مرۆیی لە ئێراندا دواخراون؛ ئەوەش مانای ئەوەی هەیە کە خەڵکی ئەو بەشانە لە سێ شتی گرینگی ژیان وەک: "فێرکردن و بارهێنان، تەندروستی و ستانداردەکانی ژیانی ئاسایی" بێبەشن.

بە ڕای ناوبراو ٣ هۆکار بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو حاڵەتانە ڕوو بدات:

١- دەوڵەتی ڕانتییەر کە خۆی بێمنەت لە کۆمەڵگا و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان دەبینێت و تەنانەت ئەو تیپ دەوڵەتانە کە دژ و تێکدەری پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکانن، ڕۆحی مەدەنی و ئازادیی تاک و کۆی ئینسانەکان لەنێو دەبەن.

٢- سونەتە کۆمەڵایەتییە چەقبەستووەکان و ئایدۆلۆژییە بەرچاوتەنگەکان، پێش لە دروستبوونی کەسایەتیی ئازاد دەگرن. تەنانەت بیر و مەیلی کەسایەتیی ئازاد و دێموکراتیک لەنێو دەبن.

٣- داکووژان و ڕاگرتنی دێموکراسی، خاڵێکی تری خراپبوونی ئاستی گەشەی مرۆیی لە ئێرانە.