کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی رێزلێنان بۆ شەهید قادر کەریمی لە وڵاتی سوێد بەڕێوە چوو

14:38 - 11 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: لە کۆڕەی رێزلێنان لە شەهید قادر کەریمیدا لە وڵاتی سوێد، رێز لە خەبات و تێکۆشانی ئەو شەهیدە گیرا و هێرشی پارتی کرێکارانی کوردستان (P.K.K) بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم کرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆڕێکی رێزلێنان بۆ شەهید قادر کەریمی، لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات بە هاوکاریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە وڵاتی سوێد بەڕێوە چوو.

لەو کۆرەدا هەیئەتێکی رێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە مامۆستا مەلا حەسەن شێوەسڵی، لوقمان ئەحمەدی و مەنسوور عەزیزی بەشدار بوون.

هەروەها نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە وڵاتی سوێد و کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی، کۆمەلایەتی، فەرهەنگی و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەو کۆڕەدا بەشدار بوون.

سەرجەم بەشدارانی ئەو کۆڕە، رێزیان لە خەبات و تێکۆشانی شەهید قادر کەریمی گرت و هێرشی پارتی کرێکارانی کوردستان P.K.K، بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، مەحکووم کرا.

سەرەتای کۆڕەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و بەتایبەت نوێترین شەهیدی دەستی غەدر و تاوان شەهید قادر کەریمی، دەستی پێ کرد.

پاشان، ژیاننامەی شەهید قادر کەریمی لەلایەن ئاوارە جەلالیـەوە خوێندرایەوە.

دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوێد لەلایەن ئەنوەر کاکایی، بەرپرسی کۆمیتەوە، خوێندرایەوە.

کاکایی لە پەیامەکەیدا وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر مەحکووم‌کردنی ئەو کردەوەی پ.ک.ک، هیوای خواست کە هەنگاوی جیددی و ئاشیخوازانە لە رێگای گفتۆگۆ و یەکتر قبوڵکردنەوە، لەلایەن رێبەرایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە بگیردرێتە بەر و گەلی کورد بەگشتی و کوردستانی رۆژهەڵات بەتایبەتی، بەرە و پێشهاتی نەخوازراو و ناخۆش پەلکێش نەکرێ.

پەیامی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوێد، لەلایەن سەلام جزیریخوێندرایەوە و لەو پەیامەدا هاوخەمیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی شەهید قادر کرد و پشتیوانییان لە حیزبی دێموکرات دەربڕی.

پەیامی پارتی سوسیالیستی کوردستانی تورکیە لەژێر ناوی نابێت پ.ک.ک ببێتە پارێزەری سنوورەکان پێشکەش بەو کۆڕە رێزلێنانە کرابوو کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆڕەکەوە خوێندرایەوە.

هەروەها، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ پەیامێکی تایبەتیی ئاراستەی کۆڕەکە کردبوو، کە لەلایەن چیا عەلیار، خوێندرایەوە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ــ کۆمیتەی ستۆکهۆڵم، پەیامێکی پێشکەش بە کۆڕەکە کردبوو کە لەلایەن عەلی ئاشناگەرەوە خوێندرایەوە.

لەو پەیامەدا، هاوخەمیی خۆیان بۆ حیزبی دێموکرات و نیگەرانییان لە رووداوەکەی کێلەشین کە لەلایەن پ. ک. کـەوە هاتبووە ئاراوە، دەربڕی.

پاشان مەنسور عەزیزی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی گشتیی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لەو کۆڕە رێزلێنانەدا چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشدارانی کۆڕەکە کرد و لە وتەکانیدا وەڵامی هەموو ئەو دەنگۆ و پرسیار و رەخنانەی دایەوە کە پارتی کرێکارانی کوردستان و لایەنگرانیان، سەبارەت بە رووداوەکەی کێلەشین، حیزبی دێموکرات تۆمەتبار دەکەن.

عەزیزی لە درێژەی قسەکانیدا وتی، لەگەڵ هەڵدانەوەی لاپەڕە زێڕینەکانی حیزب، کە بە ئاکامی سیاسەتی راست و بوونی ستراتیژیی نەتەوەیی ئەو حیزبەی پێناسە کرد، پێداگریی کرد کە حیزبی دێموکرات لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتیدا ئەو راستییەی سەڵماندووە کە سەربەخۆیی سیاسیی حیزبەکەی بە هەر نرخێک بێت دەستبەرداری نابێت و نیشانی گەلی کوردی داوە کە هەنگاوەکانی هەردەم لە راستای پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و دۆزی کوردا بووە.

مەنسوور عەزیزی لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، بە گرینگی جووڵانەوە و پشتیوانیی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات و هاودەنگیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتی بەرز نرخاند و رێگرتن بە جموجۆڵی هێزەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتی لەژێر هەر ناوێکدا بە پێشێل‌کردنی ماف وەسف کرد.

ناوبراو دڵنیایی بە بەشدارانی کۆڕەکە دا کە خوێنی شەهید قادر هاندەری سەرەکییە بۆ سووربوونیان لەسەر چوونەوە بۆ نێوخۆی کوردستانی رۆژهەڵات و بۆ ئەو مەبەستەش لەو شوێنانەی ئێستا پێشمەرگەکان لێی جێگیر بوونە بە هیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ گوشارێکدا ناکشێنەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا هۆنراوەیەک لەلایەن \'\'مەلا محەممەد بەگزادەوە خوێندرایەوە.

دواتر سروودی دایک بە دەنگی عەلی ئیسوەند پێشکەش بە گیانی پاکی شەهید قادر کەریمی کرا.

هەروەها، سروودی ئەی شەهیدان لەلایەن کۆرسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش بە بەشدارانی کۆڕەکە کرا.

هەروەها چەندین برووسکە و پەیامی هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ کۆڕەکە نێردرابوون کە بریتین لە:

ــ بزووتنەوەی گۆڕان ــ سوێد
ــ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سوێد
ــ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سوێد
ــ ناوەندی یەکیەتیی کوردان، سوێد
ــ چالاکانی مەدەنیی یارسان لە سوێد

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیە (پ. ک. ک.) لە ناوچەی کێلەشین هێرشیان کردە سەر چەند پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە ئاکامدا پێشمەرگەیەک بە ناوی قادر کەریمی شەهید بوو و سێ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.