کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی پەردەلادان لەسەر سێ بەرهەمی نووسەرێکی خەڵکی "بانە" بەڕێوە چوو

17:42 - 4 جۆزەردان 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٤٠١،  کۆڕێکی پەردەلادان لەسەر سێ  بەرهەمی "کەریم نەویدی" نووسەری خەڵکی بانە بەڕێوە چوو.

وەرگێڕانی کتێبی "کازیوە" و "خێراکە مردن خەریکە بگاتـ"ـی شاعیری گەورەی کورد مامۆستا "شێرکۆ بێکەس"لە کوردییەوە بۆ سەر زمانی فارسی هەروەها گوڵبژێرێک لە شێعرەکانی "سەید عەلی ساڵحی" لە فارسییەوە بۆ کوردی ئەو کتێبانە بوون کە لە ڕێوڕەسمەکەدا پەردەیان لەسەر لا درا.

شاعیر ئۆگرییەکی تایبەتی بە شێعرەکانی سەید عەلی ساڵحی هەیە و دنیای وێنەسازی و قسەکانی بۆ شاعیر سەرنجڕاکێشە و ویستوویەتی لەو ڕێگایەوە ئەو ئەزموونە بێنێتە دنیای ئەدەبی کوردییەوە. هەروەها شاعیر، "شێرکۆ بێکەس" بە شاعیرێکی یاخی دەزانێت و پێی وایە کە شێعرەکانی خاوەن تایبەتمەندیی تایبەت بۆ گشت کۆمەڵگە و بەتایبەت کۆمەڵگەی ئەدەبیی کوردییە.

بەشداربووانی کۆڕەکە ئەو هەنگاوە بە گرینگ وەسف دەکەن و پێیان وایە کە وەرگێڕان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە دەتوانێت قازانجی بۆ کۆمەڵگە هەبێت و ببێتە هۆی ناسینی کۆمەڵگە و کولتوورەکان بە یەکتر.

"کەریم نەویدی" ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی لە شاری بانە لەدایک بووە. لە زانکۆی "ڕازیـ"ـی شاری کرماشان ڕشتەی "زانستەکانـ"ـی خوێندووە و زیاتر لە بیست ساڵ ئەزموونی شێعری هەیە. ناوبراو تا ئێستا زیاتر لە پازدە بەرهەمی چاپ بووە. بەرهەمەکانی لە فارسی و ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراون.