کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕێکی ڕێزگرتن بۆ شەهیدانی ناوچەی شنۆ لە نۆروێژ بەڕێوەچوو

16:56 - 2 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: لە وڵاتی نۆروێژ کۆڕێکی ڕێزگرتن بۆ یاد و ناوی شەهیدانی ئەم دواییەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی شنۆ بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی ناو و یادی ئەو پۆلە پێشمەرگەیەی کە لە ناوچەی شنۆ، لە شەڕێکی قارەمانانە و نابەرابەردا، گیانی پاکی خۆیان بەختی ئازادی و بردنەپێشی ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئیران کرد، لە هۆڵی قازی محەممەد لە سترۆمەن، کۆڕێکی ڕێزگرتن پێکهات.

لەو کۆڕەدا، ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی دانیشتوی نۆروێژ، نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە ئێرانی و کوردستانییەکان و خەڵکێکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدارییان کرد و هاودەردی و هاوپێوەندیی خۆیان لە گەڵ حیزبەکەمان و بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکان نیشاندا.

سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیبو خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی حیزب و گەلەکەمان دەستی پێکرد.

دواترئیسماعیل عەلیپوور ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە پێوەندی لەگەڵ شەهیدبوونی ئەو ڕۆڵە فیداکارانەی حیزبەکەمان خوێندەوە.

پاشان سرودی ئەی شەهیدان لە لایەن قادر ئەلیاسییەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا، بەڕێز بابە شێخ حوسێنی، سکرتێری سازمانی خەباتی کوردستانی ئیران، وتارێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا، وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی، هەرچەشنە گومانپەروەری و تەوەهوم‌سازییەکی سەبارەت بە ئیمکانی ئیسڵاحات و وتووێژ لەگەڵ ڕێژیم مەحکوم کرد .

پاشان چەند هۆنراوەیەکی نیشتیمانی لە لایەن ئەنوەر سوڵتانپەناوە خوێنرانەوە.

دواتر ئومێد، نوێنەری کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانیەکان لە وڵاتی نۆروێژ، وتارێکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، عەبدوڵڵا حیجاب و هیوا ئەحمەدی، لە پێوەندی لەگەڵ شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە و پێداویستییەکانی ئەو قۆناغەی ئێستای بزووتنەوەی میللی دێموكراتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا قسەیان کرد.

پاشان قادر ئەلیاسی سرودێکی لاواندنەوەی پێشکەشی ئەو شەهیدە قارەمانەنە کرد و هەروەها مانی ڕەحیمی پەیامی پارتی سەربەستیی کوردستانی خوێندەوە.

لە کۆتاییدا ئیبراهیم لاجانی، لە لایەن کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژەوە، سپاسی هاودەردی و هاوپێوەندی بێ‌وێنەی کوردستانیانی نیشتەجێی نۆروێژی لەگەڵ کۆمیتەی حیزب سەبارەت بەو کارەساتە کرد و داوای لە بەشدارانی کۆڕەکە و ژینگەی کوردی لە نۆروێژکرد کە لەو قۆناغەدا یارمەتیدەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بن و پشتیوانیی سیاسی و مەعنەوی و ئەخلاقی و مادیی خۆیان لە حیزبەکەمان درێغ نەکەن.

ئەو حیزب و ڕێکخراوانە وێڕای بەشداری لە کۆڕیادەکەدا برووسکەی هاودەردی و هاوپێوەندییان ناردبوو بریتین لە:

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان
ـ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ
ـ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
ـ سازمانی خەباتی شۆڕشگێری کوردستانی ئێران
ـ یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئیران

15456.JPG

15457.JPG

15458.JPG

15459.JPG

15460.JPG