کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵانەکانی سنە هاتوچۆیان تێدا ناکرێت

11:52 - 5 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دۆخی زۆربەی کۆڵانەکانی شاری سنە بەتایبەت لە گەڕەکە پەراوێزنشینەکاندا بە چەشنێکە کە هاتوچۆ بۆ خەڵک زۆر ئەستەمە و ڕێگا بۆ هاتوچۆی ماشین نییە.

ماوەی ٢٠  ڕۆژە کە هەڵکۆڵینی کۆڵانی مزگەوتی "سەلاحەدینی ئەیووبیـ"ـی شاری سنە، کە لە گەڕەکی "حاجی ئاوای خوار"ی ئەو شارەدایە، هاتوچۆی خەڵکی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووەتەوە.

پاش هەڵکۆڵینەکە کە لە ڕێرەوی ژێرزەوینیی ئاو و ئاوەڕۆی ئەو کۆڵانە ئەنجام دراوە، بەردگەلێکی گەورە لە نێوەڕاستی کۆڵانەکەدا دانراون کە پاش تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ، هێشتا لە لایەن ناوەندی پەیوەندیدارەوە ئەو کۆڵانە خاوێن نەکراوەتەوە.

بەجێهێشتنی بەرد و خاکێک کە ئاکامی هەڵکۆڵینی ئەو کۆڵانەیە، ڕێگای هاتوچۆی خەڵکی بەستووە و لە ئەگەری ڕوودانی حاڵەتێکی نەخوازراوی وەک نەخۆشکەوتن یان ئاگرکەوتنەوە یان ڕووداوگەلێکی لەم چەشنە، هیچ ناوەندێکی پەیوەندیدار ناتوانێت بۆ خزمەتگوزاریی خێرا لەو شوێنە ئامادە بێت کە ئەمە گەورەترین هەڕەشە بۆ گیانی هاووڵاتیانە کە ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ئەو گەڕەکەشی لێکەوتووەتەوە.

کۆڵانەکانی گەڕەکە پەراوێزخراوەکان بەهۆی کۆنبوونی بیناسازییەکەیان و نەبوونی پرۆژەی نوێ بۆ بەرینکردنەوەی کۆڵانەکان، زۆر تەسکن، بە چەشنێک کە لە هەندێک لە کۆڵانەکاندا تەنانەت ماتۆڕیش تێناپەڕێت.

سەرەڕای نەبوونی خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان، بەجێهێشتنی زبڵ و ئاسەواری پاش کارکردنی ئیدارەکانیش، بووەتە یەکێکی دیکە لە سەرئێشەکانی خەڵک کە لە لایەن بەرپرسانەوە هیچ گرینگییەکی پێ نادرێت.