کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەران قوربانیی تەقەی هێزە نیزامییەکانی تاران و ئانکارا

16:50 - 12 خەزەڵوەر 2720

لە باکوور هەتا باشووری کوردستانی ڕۆژهەڵات چیاکان بوونەتە شوێنیک بۆ خولقانی تراژدیای کۆڵبەران و کاسبکاران.

کۆڵبەران و کاسبکاران بە شێوەی جیاواز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ دەکرێت جا یا بریندار دەبن یا گیانیان لە دەست دەدەن. جیا لە کوژران و برینداربوون بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران مینەچێندراوەکانیش کۆڵبەران دەکەنە قوربانی.

جینایەتی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دژی کۆڵبەران بەردەوام درێژەی هەیە.

ئاماری یەک حەوتووی ڕابردوو لەبارەی کۆڵبەران:

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "باست محەممەدی" خەڵکی گوندی "نەنۆڕ"ی شاری بانە، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی تاران لە سنووری "سەرتەزێنـ"ـی ئەو شارە پێکرا.

لە پیرانشار باری تەندروستیی گشتیی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئیدریس بارزان" کە بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری بانە پێکرابوو، نالەبارە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە پاش برینداربوونی لە سنووری بانە، سەرەتا بۆ ناوەندی دەرمانیی ئەو شارە ڕاگوێزراوە و دواتر بەهۆی قورسی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەورێز کراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە  بەهۆی برینداربوونی لاقی بە گولـلەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم، دوو جار نەشتەرگەری بۆ کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئاوارە فەتحی" خەڵکی گوندی " ئاڵیەمەرانـ"ـی شاری سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لە سنووری "زلێـ"ـی ئەو شارە پێکرا.

هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە کردووە و ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانی لە هەرێمی کوردستان کراوە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی  خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "موحسێن (موسلیم) قاسمی" تەمەن ٢٤ ساڵە بەهۆی تەقەی هێزەکانی تورکیە لە سنووری ورمێ کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "موسلێح قاسمی" تەمەن ٢١ ساڵ بەسەختی بریندار کراوە.

هێزەکانی تورکیە بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ یاسایەک ئەو دوو کۆڵبەرەیان داوەتە بەر دەسڕێژی گولـله. موسلێح قاسمی لە نەخۆشخانەی "جولەمێرگ" سەر بە پارێزگای حەکاری لە کوردستانی تورکیە لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ڕێکەوتی ٨ی‌ خه‌زه‌ڵوه‌ڕ ٢٢ کۆڵبەر لە شاری سەقز لە کاتی چون بۆ کۆڵ‌ لە نێو ماشین و بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک ‌و بارێكی‌ قاچاخ لە مەرزی "بڕوێشکانی" لە گوندی "کێلێ" له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ڕێژیمی ئێرانەوە ده‌سبه‌سه‌ر كران.

ئەو کۆڵبەرانە لە کاتژمێر ٢ی داونیوەڕۆ هەتا ٨ی شەو لە ئیتلاعاتی هەنگی سنووری ڕاگیراون و بێڕێزیان پێ کراوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "لوقمان ڕەحیمی" خەڵکی شاری "بانەوڕێـ"ـی شاری پاوە، بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شووشمێی نەوسوود بریندار و کەمئەندام بوو.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "لوقمان ڕەحیمی" خەڵکی شاری "بانەوڕێـ"ـی شاری پاوە، بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شووشمێی نەوسوود بریندار و کەمئەندام بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری پاوە کراوە و بارودۆخی گشتیی ناوبراو نالەباڕ ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سیاوەش کورە سوننی" خەڵکی گوندی "ڕاویانـ"ـی بەخشی قوتووری شاری خۆی، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی تاران گیانی لەدەستدا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم تەقەی لێکراوە.

ئەو ئامارە لە ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا" وەرگیراوە.