کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەران لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران کۆمەڵکوژ دەکرێن

10:33 - 24 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم، کۆڵبەران وەکوو جێبەجێکارانی کەرەستە تەقینەوەکان پێناسە دەکەن و بەو بیانووەوە ڕەوایی کوشتنیان بە خۆ دەدەن.

جێگری سیاسی و ئەمنییەتیی وەزیری ڕێژیمی ئێران، حوسێن زوڵفەقاری، لە وڵامی یەکێک لە هەواڵسازانی ئیلنا، کە لەسەر وردەکاریی کوشتنی کۆڵبەرێک لە سنوورەکانی کوردستان پرسیاری لێ کردبوو، وتوویەتی: ئێمە شتێک بە ناوی کۆڵبەرمان نییە؛ ئەم وشەیە کە کەس نازانێت لە کوێیەوە هاتووە، هەم بۆ خەڵک هەم بۆ بەرپرسان کێشەی ساز کردووە.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، ئێمە بازاڕگەلێکمان بەس بۆ چوار پارێزگای سنووریی پێشبینی کردووە و هێندێ بەخشراویشمان بۆیان لە بەرچاو گرتووە، کەسانێک کە ئەم چوارچێوەیە ببەزێنن و شتومەک بهێننە نێو وڵات نە کۆڵبەرن و نە کارەکەشیان یاساییی، بۆیە خۆیان لە هەمبەر گیان لەدەستدانیان بەرپرسیارن و تەقەکردن بەرەوڕوویان یاسایییە.

زوڵفەقاری وتوویەتی: ئێمە لە ناوچە سنوورییەکان هێڵی سوورمان نییە؛ هەر کەسێک سنوورەکان تێپەڕێنێت، هۆشداری پێ دەدەن، ئەگەر گوێ نەدەدات، دەسڕێژی لێ دەکرێت و بە خەڵکی سنوورییەکان بە ڕاشکاوی دەڵێم، سنوورەکان نەبەزێنن، چونکە خۆیان لەو کارە بەرپرسیارن.

جێگری سیاسی و ئەمنییەتیی وەزیری ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، کە بە پێداگری و بەدواداچوون بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان لە پارێزگاکانی ئازەربایەجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و سیستان و بەلووچستان هەلی گواستنەوەی شتومەکمان بۆ ئەوبەری سنوورەکان ڕەخساندووە و بۆ ئەم مەبەستە بۆ هەر بنەماڵەیەکی چوار کەسی لە هەر مانگدا ٢میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن بەخشراویی گومرۆکیمان لە بەرچاو گرتووە و ئیتر پێویست ناکات شتومەکەکان بە کۆڵ بگوازنەوە، ئەو کەسانەی کە خاوەن کارتی سنوورنشینین، دەتوانن پشکی خۆیان لەم کارە دەستەبەر بکەن.

کۆڵبەرانی کورد کە لە ڕوانگەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تێرۆریستن، ئەو کەسانەن کە تەنیا ئەو شتومەکە سەرەکییانە دەگوازنەوە، کە لە شارە گەورەکانی ئێران کەڵکیان لێ وەر دەگیردرێت و نرخی بارەکانیشیان ٥٠٠ هەزار تمەن تێناپەڕێنێت، لە حاڵێکدا لە یاسای گومرۆکی حکوومەتی ئێراندا ئەو شتومەکانە کە نرخەکانیان لە ١ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن زیاتر نەبێت، گواستنەوە و هاوردنیان نایاسایی نییە، هەروەها هەموو ئەو کۆڵبەرانەی کە دەکەونە بەر دەسڕێژی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لێ دەکرێت و ئەم ڕوانگە و کردەوانەی ڕێژیم لە کوردستان جگە لە کۆمەڵکوژیی کۆڵبەران هیچ پاساوێکی دیکە هەڵناگرێت.