کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەری و گەمەی سیاسەت

16:47 - 11 رێبەندان 2720

نەوید کەرەمی

لەو کاتەوە کە کوردستان لە ئاکامی سیاسەت و سازشی زلهێزان و داگیرکەران پارچە پارچە و بە سەر چوار وڵاتی ئێران، تورکیە، عێراق و سووریەدا دابەش کراوە، خاکەکی داگیر و خەڵکەکەشی تووشی سەدان نەهامەتی و کارەسات کراون. زۆربەی هەرە زۆری شەڕ و زۆرانبازی و ململانەی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە لەسەر خاکی کوردستان و لەسەر ئاو و خاک و ژیانی کورد کراوە، کوردستان بە دەیان جار تاڵان و وێران کراوەو کورد دەربەدەر، ماڵوێران و شاربەدەر بووە، بەڵام هیچ کات نە لە خەبات بۆ ڕزگاریی گەل و نیشتمانەکەی کۆڵی داوە و نە خاکی پیرۆزی کوردستانی بەجێهێشتووە.

کورد کە لە هەموو بارێکەوە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان و دەسەڵاتدارانی حاکمەوە چەوساوەتەوە، لەپێناو ژیان و گەیشتن بە دواڕۆژێکی ڕووناک و کوردستانێکی ئازاد هەموو ئازار و سەخڵەتییەکانی قەبووڵ کردووە بەڵام هیچ کات تەسلیمی داگیرکەر نەبووە و هیچکات زەبوونیی قەبووڵ نەکردووە.

لە ئاکامی سیاسەتی داگیرکاری و شەڕخوازانەی دەسەڵاتداران، کوردستان نەک هەر وەکوو ناوچەیەکی شەڕانی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و خاک و خەڵکەکەی بە چاوێکی ئەمنییەتییەوە سەیر کراون و لە گەشە و سەرمایەگوزاری و خۆشبژیویی ڕەفاهیش بێبەری بووە و بۆ ئەوەی کورد بیر لە سیاسەت و مافەکانی نەکاتەوە، بەردەوام هەوڵیان داوە هەتاکوو کورد بەرەڕووی هەژاری، بێکاری و نەداری بکەنەوە. بەو هۆیەوە دیاردەی بازرگانی نایاسایی نێوان سنوورە دەسکردەکانی کوردستان و بەتایبەت لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ تورکیە و عێراق بە درێژایی مێژوو بیندراوە.

لەگەڵ پەرەسەندن و زۆربوونی بێکاری و فەقر و هەژاری لە کوردستان دیاردەی بازرگانی نایاسایی سەر سنوو زیاتر بووە و خەڵکانێکی زیاتر بۆ قووتی ژیان روویان کردووەتە سەر سنوورەکان و بەو کارەوە خەریک بوون.

لەو جۆرە بازرگانییە کە لە کوردستاندا بە کۆڵبەری ناسراوە، شتومەک و کەلوپەل لە ڕێگای کۆڵی مرۆڤ یان بە هێستر لە ڕێگا سەخت و شاخاوییەکاندا ئاودیوی سنوور دەکرێن و دەگەیێندرێنە بازار.

لە شار و ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان کە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتییان نییە دیاردەی کۆڵبەری زۆر بەرچاوترە و خەڵکانێکی زۆر لە پیاو، ژن، گەنج و تەنانەت مێرمنداڵەکانیش بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵەکەیان روو دەکەنە ئەو کارە پڕ مەترسییە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێراندا، ناوچەکانی کوردستان لە ئاکامی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ڕێژیم بەرزترین ڕێژەی بێکارییان هەیە و کەمترین سەرمایەگوزاری و کارگە و کارخانەیان تێدا کراوەتەوە. دەرفەتی چوونەسەر کار و دامەزران لەسەر کاری ئیداری و حکوومەتی یان کار لە کارخانە  و شەریکەیەک زۆر زۆر کەمە و هەرگیز کەفافی ئەو هەموو هێزە کارە و ئەو هەموو حەشیمەتەی کورد ناکات، هەر بۆیە زۆربەی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە چوونەسەرکار و وەدەستخستنی کارێکی باش لە شار و ناوچەی خۆیان نائۆمید دەبن بۆ بژیوی ژیانیان یان ڕوو دەکەنە شارە گەورەکانی ئێران و ژیانی ئاوارەیی و دووری کەس و کاریان هەڵدەبژێرن یان ڕوو دەکەنە سەر سنوورەکان و بۆ ژیان دەست دەکەنە کۆڵبەری سەر سنوور و بە قیمەتی گیانیان ژیان لە ئاو و خاک و لە تەنیشت خێزان و کەس و کارەکانیان هەڵدەبژێرن.

هەڵبژاردنی ژیانی کۆڵبەری و ڕووکردن لە سنوورە پڕمەترسییەکان ئەگەرچی لە ڕوانگەی کوردەکانەوە تەنیا ئیجبارێکە بۆ درێژەدان بە ژیان و وەدەستخستنی قوتی ڕۆژانە، بەڵام دیاردەی کۆڵبەریی سەر سنوورەکان لە ڕوانگەی حکوومەتەوە مانایەکی زۆر جیاوازی هەیە.

بۆ ئەوان کۆڵبەری سەر سنوورەکان هەم کۆنترۆڵە و هەم سوودە و هەم ئەمنییەت.

لەو سۆنگەوە کە سەرگەرمکردنی بەشێکی زۆر لە کوردەکان بە ئیشی کۆڵبەری و گواستنەوەی کاڵای قاچاخ، لەلایەکەوە گوشارەکانی سەر ڕێژیم بۆ دابینکردنی کار و ڕەخساندنی هەلی کاری گونجاو بۆ بنەماڵە و گەنجەکان کەم دەکاتەوە و لەلایەکی دیکەشدا بە بەستن و کردنەوەی سنوورەکان و کەم و زیادکردنی کاسبیی سەر سنوور خواستە ڕەوا و بەرحەقەکانی خەڵکی بازاڕ و شەقام و داواکارییە مرۆیی و سیاسییەکانیان کۆنترۆڵ دەکات، بە واتایەکی سادەتر کوردەکان ڕازی دەکات بەو شتەی کە حکوومەت بۆی دیاری کردوون.

دیاردەی کۆڵبەری و کاسبیی خەڵک لە رێگا سەخت و دژوار و شاخاوییەکاندا بۆ بەشێکی زۆر لە مۆرەکانی ڕێژیم و یان گرێدراوەکانیان هەلێکی زۆر گونجاوە بۆ پڕکردنی گیرفانەکانیان و وەدەست خستنی پارەیەکی موفت و بێزەحمەت.

بەشێک لەوان دەبنە بازرگانی سەرەکی کەرەستەکان و لە حاڵێکدا کە کوردەکان بۆ قوتی ڕۆژانە و بەردەوامیی ژیان لە ڕێگا پڕمەینەتی و پڕمەترسی و شاخاوییەکاندا شتوومەکەکانیان بە کۆڵ بۆ ئاودیوی سنوور دەکەن، رۆژ بەدوای رۆژ دەوڵەمەندتر و دەوڵەمەندتر دەبن.

بەشێکی دیکەشیان بە جلی سەربازی و نیزامییەوە دەبنە ڕێگر و دەست دەدەنە ئازار و ئەشکەنجە دان و رووتکردنەوەی ئەو خەڵکە هەژارانە و بە گرتن و بەرتیل وەرگرتن لە خەڵک سەرمایەیەکی مفت و خۆڕایی بەدەست دێنن و تەنیا بە چەند ساڵ سەربازی لە کوردستان و ڕووتکردنەوەی خەڵکی هەژار و کۆڵبەر و کاسبکار باشترین ژیان بۆ خۆیان دابین دەکەن.

هەروەها لە سۆنگەیەکی دیکەدا کۆڵبەری و بەردەوام بوونی کاری کۆڵبەری لە سەر سنوورەکانی کوردستان زۆر گرینگە، ئەویش سۆنگەی ئەمنییەتییە. واتە ڕێژیم بە بیانووی بەزاندنی سنوور و تێکدانی تەناهی وڵات، هێزێکی یەکجار زۆری هێناوەتە ناوچەکانی کوردستان و بە دەیان و سەدان پایەگای سەربازی دروست کردووە و بەردەوام چالاکی سەربازی و جەولەی نیزامی لە ناوچەکانی کوردستاندا بەڕێوە دەبات.

بە بیانووی بەزاندنی سنوور، بە بیانووی گوومانلێکراو، بە بیانووی کاڵای قاچاخ و بە دەیان بیانووی دیکە ڕاستەوخۆ سینگی کۆڵبەرە هەژار و بێتاوان و ماندووەکان دەکاتە نیشانە و خوێنیان دەڕژێنێت، بە بێ ئەوەی هەتاکوو ئێستا تەنانەت سەرباز و دەرەجەدارێکی ڕێژیم لەسەر کوشتنی کۆڵبەرێک سزا درابێت تەنانەت بگرە تەشویقیش کراون و وەکوو خەڵات لە بەرانبەر کوشتنی کورد ڕێژیم باشترین کاریشی پێ داون و باشترین ژیانیشیان بۆ دابین کراوە.

لە ڕاستیدا ئەگەرچی بۆ کوردی هەژار و بێدەرەتان هەڵبژاردنی کۆڵبەری و قەبووڵکردنی مەترسییەکانی کەوتنەخوارەوە لە شاخەکان، مردن و ڕەقهەڵاتن لەنێو بەفر، کرانە ئامانجی گولـلەی چەکدارەکانی ڕێژیم وەکوو تەنیا ڕێگاچارە بۆ بەردەوامیی ژیان و بەدەستهێنانی نانی ڕۆژ و شەویانە، بەڵام بۆ ڕێژیم هەژارهێشتنەوەی ناوچە کوردنشینەکان، خولقاندنی جەوی سەربازی و ئەمنییەتی لە کوردستان، بێ ئەهمەییەتی بە خواست و ویستی کورد و دابیننەکردنی هەلی کار لە کوردستان و ناچار کردنی خەڵک بە ئیشی پڕمەترسیی کۆڵبەری و کاسبیی سەر سنوور ستراتیژی و سیاسەتی پەسندکراو دارێژراوی ئەو ڕێژیمە تۆتالیتەر و دیکتاتۆرەیە.

بۆ کاربەدەستان و بەڕێوەبەرانی ێێژیمی ئێران پەرەسەندنی بێکاری و هەژاری و کەمداهاتی لە کوردستان ڕاست مانای پێکانی خاڵ و ئامانجەکانیانە، واتە بێبەشکردنی کورد لە ماف و شارستانیەت و پێشکەوتن، واتە کۆنترۆڵکردنی جوڵەکانی کورد و کۆنترۆڵکردنی خواستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردەکان، واتە ڕازی کردنی کورد بە نانی شەو و دوو کردنەوەی بیری کوردەکان لە خواستی گەورەتر.

لێرەدایە کە هەڵسووکەوتی کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ وێنە کاتێک کە لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی لە شارەکانی بانە، پیرانشار، مەریوان و چەندین شاری دیکە بەهۆی داخرانی سنوورەکان و کوشتنی کۆڵبەران ناڕەزایەتی گشتی هاتتبووە ئاراوە، خۆی باشتر دەردەخات، ئەو کات بینیمان هەر لە نوێنەری بەناو مەجلیسەوە بگرە هەتاکوو وەزیری کار دەستیان دایە سناریۆ دروستکردن و دانی بەڵێنی بێبنەما بە خەڵک، هەتاکوو توانیان ئەو فەزایە کۆنترۆڵ و بارودۆخەکە ئاسایی بکەنەوە.

لێرەدایە کە بێدەنگی دادگاکانی ڕێژیم لە بەرانبەر کوژران و برینداربوونی ئەو هەموو کۆڵبەرە و لە بەرانبەر گرتن و تاڵانکردنی کاسبکاران مانا پەیدا دەکات.

دواجار تەنیا دەتوانین بڵەین گەر کۆڵبەری بۆ کورد بە مانای نانی شەوە، بۆ ڕێژیم سەرگەرمییەکی سیاسیی دەستکردە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن، سووککردن و خەفەکردنی کورد و داگیرکردن و بەتاڵانبردنی کوردستانە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.