کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێک دەبێت بە وێنەیەک

16:05 - 26 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وێنەکێشێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان بە هۆی بارودۆخی نالەباری ئابووری، پەنای بردووەتە بەر کۆڵبەری.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، "عەتا دادگوستەر"، تەمەن ٤٠ ساڵ، وێنەکێشی کەمئەندامی خەڵکی گوندی "دەرزییان"ـی کانی دیناری سەر بە شاری مەریوان،  کە شێوەی زیاتر لە سەد کەسایەتی کوردی کێشاوەتەوە، بە هۆی هەژاری و بارودۆخی نالەباری ژیان؛ ڕووی لە کۆڵبەری کردووە.

ئەم وێنەکێشە کۆڵبەرە پێشتر خێزاندار بووە و کچێکی تەمەن ٨ ساڵانی هەیە و هەر لە کاتی لەدایکبوونیەوە بە شێوەی زگماگی دەستێکی نەبووە.

 ئەم هونەرمەندە کوردە سەرەڕای کەمئەندامی، ٢٥ ساڵە کاری نیگارکێشی دەکات و جگە لە نیگارکێشی دووچەرخەسواری و مەلەوانیش دەکات.

بارودۆخی نالەباری ژیان لە ئێراندا و بە تایبەت لە کوردستان و نەبوونی دەرفەتی کار و پێشکەوتن، هۆکارگەلێکن کە خەڵکی دەستکورت بۆ بژێوی ژیان، ڕوو بکەنە پیشەگەلێکی پڕ مەترسی وەک کۆڵبەری کە تەنانەت تەنیا دەستی ساغی وێنەکێشێکیشی لە هونەر ڕاگرتووە.