کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێبڕکێی چەکی ناوکی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

17:41 - 20 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: عەرەبستانی سعودی بۆ جارێکی دیکەش ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات، پاشایەتی سعودیەش چەکی ناوکی ساز دەکات.

عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٩ی مەی ٢٠١٨ زایینی، لە وتووێژ لەگەڵ cnnی ئامریکا، باسی لەوە کردووە کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران چەکی ناوکی ساز بکات، عەرەبستانیش ئەو کارە دەکات.

عەرەبستان وەکوو هاوپەیمانی بەهێزی ئامریکا لە ناوچەدا، بەردەوام لە هەوڵدایە کە پێش لە دەسپێگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوەکی بگرێت و پاشەکشە بە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بکات کە بۆ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە بڵاو بوونەتەوە.

عەرەبستان دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام پاڵپشتی خۆی لەو بڕیارە دەربڕی و لە وڵامی وەزیری بەرگری ڕێژیمی ئێران کە وتبووی بەرنامە مووشەکییەکانی خۆمان سەرلە نوێ دەسپێدەکەینەوە و پەرەی پێدەدەین، ڕایگەیاندووە کە ئەوانیش چەکی ناوکی ساز دەکەن.

عەرەبستان و ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە وەکوو دوو دوژمن لە ململانێی هێزدان و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ناوچەکە بە بەردەوامی هەڕەشە لە یەکتر دەکەن؛ لەم ڕاستایەشدا هێزەکانی هەوڵ بۆ بەهێزترکردنی خۆیان دەدەن.