کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشە دەروونییەکانی پاش شەڕی داعش ژنانی ئیزدی ناچار بە خۆکوژی دەکات

12:08 - 24 رەزبەر 2720

ڕێژەی خۆکوژیی ژنانی ئیزدی کە لە شەڕی داعشدا بە کۆیلە گیرابوون و ئازار و ئەشکەنجە دراون خەریکە زیاد دەکات و دەبێتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و کارناسان لێی نیگەرانن.

خۆکوژی لەنێو ژنانی ئیزدیدا کە بەهۆی شەڕی داعشەوە بەشێکیان بنەماڵەکانیان کوژران و بەشێکیان بە کۆیله گیران و ئازار و ئەشکەنجەی جنسی دراون پەرەی سەندووە.

کارناسان لەو بارەوە نیگەرانییان دەربڕیوە و باسیان لەوە کردووە دەبێت فێرکاری و چاوەدێریی تایبەتی بە ژنانی ئاوارەی بدرێت کە لەگەڵ قەیرانە دەروونییەکانی پاش هێرشی داعش بەرەوڕوو ببنەوە.

"فازڵ غەڕاوی" ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا وتوویەتی: "لە ماوەی مانگێکدا سێ ژنی ئاوارەی ئیزدی لە کەمپەکانی دهۆک و چیای شنگال خۆیان کوشتووە".

هەروەها "حیسام عەبدوڵڵا" بەرپرسێکی فەرمیی ڕێکخراوی بەڵگەکانی ئیزدییەکان وتوویەتی: "خۆکوژی لە نێو ئیزدییەکاندا "پێوەرێکی مەترسیدارە".

هەروەها کەمپنشینی یەکێکی دیکە لەو کێشانەیە کە گوشاری دەروونیی خستووەتە سەر کۆمەڵگای ئیزدییەکان و ئەوان بە ئاواتی گەڕانەوە بۆ ماڵەکانی خۆیانن.

لێکەوتەکانی هێرشی دڕندانەی خەلافەتی ئیسلامیی عێراق و شام ناسراو بە "داعش" بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی دەروونی و خەمۆکی لەنێوان ئەو ژنانەیدا کە دەربازبووی دەستی داعشن و ئێستا لە کەمپەکاندا جێگیرن.