کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ئیلام قووڵتر دەبێتەوە

12:21 - 3 گەلاوێژ 2720

ژنان لە پارێزگای "ئیلام" لەنێو کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک: "بێکاری، تەڵاق، نەخوێندەواری، تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان و خۆکوژی"، زەرەرمەندانی سەرەکین.

ژنانی پارێزگای "ئیلام" لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا پشکی شێریان بەرکەوتووە و لە ڕیزبەندیی کێشەکاندا لە ڕێزی یەکەمی پارێزگاکانی ئێراندایە.

لە پارێزگای "ئیلام" بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی پەروەردەیی و بارهێنان، ژنانی ئەو پارێزگایە بە ڕادەیەکی بەرچاو نەخوێندەوارن و ئەو ژنانەش کە بڕوانامەی زانکۆیان هەیە لەلایەن ئیدارە و ناوەندەکانی ڕێژیمەوە هەلی کاریان بۆ ناڕەخسێندرێت.

لەو پارێزگایە کار بۆ ژنان لەنێو ئیدارەکاندا زۆر بە کەمی دەست دەکەوێت، ئەو ژنانەش کە لەسەر کارن لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە لەمپەڕ و ئاستەنگیان بۆ ساز دەبێت.

هەروەها بەهۆی ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەوە، پارێزگای "ئیلام" کە لە ڕووی حەشیمەت و ڕووبەرەوە بچووکترین پارێزگای ئێرانە، بووەتە پێتەختی خۆکوژی لە جیهاندا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو پارێزگایە لە بواری سامانە سروشتی، کانزا، شوێنەوارە مێژوویی و گەشتیارییەکانەوە یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی ئێرانە، بەڵام سیستەمی گەندەڵکار و تاڵانکەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران بە تاڵانکردنی ئەو سامانانە خەڵکی ئیلام، بەتایبەت چینی ژنانی لە گێژاوی کێشەکاندا نوقم کردووە.