کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەکانی بەرجام قووڵتر دەبێتەوە

13:04 - 15 خاکەلێوه 2721

هەتا ئێستا وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەرجام لەگەڵ ئێران بە ئاکامێک نەگەیشتوون و بۆ گفتوگۆکانیش تەنیا مەرج بۆ یەکتر دادەنێن.

"ژان ئیو لۆدریان" وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسە داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە کۆتایی بە پێشێلکردنی بەرجام بێنێت.

"لۆدریان" وتوویەتی، هەموو لایەنەکان ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەرجام پیشان داوە، بۆیە دەبێ ئێرانیش لەو کاتەدا هەنگاوی گونجاو هەڵبگرێت.

ڕێژیمی ئێران بۆ گەڕانەوەی بۆ بەرجام مەرجی بۆ ئامریکا داناوە و ئامریکاش ڕایگەیاندووە کە هیچ مەرجێک قەبووڵ ناکەن.

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ پەسندی کرد کە ئەگەر ئامریکا گەمارۆکانی ماڵی، بانکی و نەوتی هەڵنەگرێت، چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە ئێران دەر دەکات و لە بەرجام دێتە دەرەوە.

ئامریکا  له‌سه‌ر ئه‌وه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ڕێگه‌ له‌ ڕێژیمی ئێران بگیرێت هەتا نەتوانێت تواناییە مووشه‌كییه‌كانى په‌ره‌ پێ بدات و ببێته خاوەن چەک و‌ مووشه‌كی ناوکی و نەهێڵن‌ پشتیوانی له‌ تێرۆر و تێكدانى سه‌قامگیریی ناوچه‌کە بکات.

قسە و لێدوانی بەرپرسانی ئامریکایی لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوە دەکەن کە بەرجام وەک خۆی دەمێنێتەوە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش دەڵێن: "ئێمە لەبارەی بەرجامەوە هیچ وتووێژ و دانوستانێک ناکەین".