کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەکانی بەنداوی قشڵاخ چارەسەر نەکراون

13:37 - 30 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەنداوی قشڵاخی شاری سنە، بەدەست کەمیی خزمەتگوزاری و پیسیی ژینگەی دەوروبەریەوە گرفتار بووە.

هەواڵدەریی "تەسنیمـ"ی سەر بە ڕێژیم، ڕۆژی ٣٠ی پووشپەڕ، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کێشە و گرفتەکانی بەنداوی قشڵاخ بڵاو کردووەتەوە کە لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: "بەنداوی قشڵاخ هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی گەشتیاریی نییە و ژینگەکەشی بە ڕادەیەکی بەرچاو پیس کراوە".

بەنداوی قشڵاخ دەکەوێتە ١٢ کیلۆمیتریی باکووری شاری سنە و ئاوی خواردنەوە و وەرزێڕیی ناوچەکە دابین دەکات و لە پاڵیشیدا سروشتێکی جوانی بەو ناوچەیە بەخشیوە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی پەراوێزخرانی لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیم و خاوێننەکردنەوەی، ژینگەکەی پیس کراوە و لە پاڵ ئەمەشدا، ئاوەڕۆی ٢٠٠ گوند دەڕژێتە نێویەوە، کە هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ئەم ئاوە.

یەکێک لە هاووڵاتیانی شاری سنە، لەم بارەوە بە هەواڵدەری تەسنیمی ڕاگەیاندووە: "بەنداوی قشڵاخ، شوێنی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی شاری سنەیە و بەکارهێنانی وەک سەیرانگا دەبێ بە شێوەیەک بێت کە ئاوەکە پیس نەبێت، بەڵام بە ڕەچاونەکردنی خاڵە تەندروستییەکان، ڕۆژبەڕۆژ ئەم شوێنە جوانە خەسارگەلێکی قەرەبوونەکراوی پێدەگات".

ئەم هاووڵاتییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە خەڵکی شاری سنە بەهۆی ئەوەی شوێنی گەشتیاری و سەیران لە شارەکەیاندا کەمە، ناچار بۆ بەسەربردنی کات ڕوو لە سەدی قشڵاخ دەکەن، کە لەم بارەشەوە بەرپرسانی ڕێژیم هیچ شوێنێکی گەشتیارییان بۆ خەڵک لەم بەنداوەدا دروست نەکردووە.

سەرەڕای ڕژانی ئاوەڕۆی ٢٠٠ گوندی دەوروبەری پارێزگای سنە بۆ نێو بەنداوی قشڵاخ، ماشینە گەورەکانی زبڵ و خاشاکیش شەوانە زبڵەکانیان ڕۆدەکەنە نێو ئەم بەنداوەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم، چەندین ساڵە وادە و بەڵێنیی ئەوە دەدەن کە کێشەکانی بەنداوی قشڵاخ چارەسەر دەکەن و لەبیری ڕێگاچارەدان، بەڵام وەک هەمیشە و لە درێژەی سیاسەتی سیستماتیکیان بۆ تێکدانی ژینگەی کوردستان، وادە و بەڵێنەکانیان تەنیا لەسەر کاغەز دەهێڵنەوە و هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنیان هەڵناگرن.