کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی ئابووریی ئێران بە "ئادەم ئێسمیتـ"ـیش چارەسەر نابێت

13:21 - 6 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە مۆرەکانی پێشووی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، لە بارەی کێشەی ئابووریی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: کە ئەگەر ئادەم ئێسمیت زیندوو بێتەوە، ناتوانیت کێشەی ئابووریی ئێران چارەسەر بکات.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە زاری ئەو نوێنەرەی پێشووی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، لە ئێستادا بە گۆڕین و لابردنی بەڕێوەبەران ناتوانین قەیرانەکانی ئێران چارەسەر بکەین و ڕیشەی کێشە ئابوورییەکانی ئێران سیاسەتی دەرەوە و نێوخۆیییە.

"داریوش قەنبەری" باسی لەوە کردووە، لە ڕاستیدا کێشەی ئابووریی ئێران، بە چەند ڕێکاری ئابووریی دروست نابێت و تەنانەت "ئادەم ئێسمیتـ"ـیش زیندوو بێتەوە، ناتوانێت دۆخی ئابووریی ئێران چارەسەر بکات.

کێشەی ئابووری و قەیرانەکانی ئێستا کە بەرۆکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی گرتووەتەوە، بەرپرسانی ڕێژیمی تووشی سەرلێشیواوی کردووە و بەرپرسان کێشەکان دەخەنە ئەستۆی یەکترەوە.

مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا فەرمانی بە بەرپرسانی ڕێژیم کرد، کە ژوورێک بە ناوی "ژووری شەڕی ئابووری" دابمەزرێنن.

خامنەیی ئامانج لە دامەزرانی ئەم ژوورەی، پێکهێنانی شۆرای هاوئاهەنگیی ئابووری ڕاگەیاند و باسی لەوە کرد: بەپێی پێویست بڕیار و خاڵە پەسەندکراوەکان لە لایەن خۆیەوە بۆ دواجار پەسەند دەکرێت.

ڕێبەری ڕێژیم ئەرک و کارەکانی ئەم ژوورەی بەم شێوەیە دیاری کردووە: "سەرمایەدانەری، کونتڕۆڵی هەڵاوسان، پێکهێنانی کار و پیشە، باشترکردنی دۆخی پێکهاتەی بانکی و بابەتە پێوەندیدارەکان بە بەرهەمهێنانی میللی".

ساڵانێکە ڕێژیم هەموو ئەم فەرمان و دروشمانەی بە شێوەیەکی چەواشەکارانە دەخاتە بەرچاوی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانەوە، بەڵام لە ماوەی ٤ دەیە دەسەڵاتداریەتی ئەم ڕێژیمە قەت بەکردەوەیی نەکراون و تەنیا بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیان و دڵخۆشکردنی خەڵک ئەم ژوورە پۆشاڵینانە بە ناوگەلێکی زریقەدارەوە دادەمەزرێنن.